فەرماندەکانی سوپای پاسداران داوای زیادکردنی خستنەوەی منداڵ دەکەن

test
هاوڵاتیان لە شەقامێکی تارانی پایتەختی ئێران. فۆتۆ: AP

دوو فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران داوادەکەن دانیشتووانی ئێران زۆر بکرێن و کەمکردنەوەی خستنەوەی منداڵ بە پلانی دوژمنانە ناودەبەن، دەشڵێن "کۆمەڵگەی پیر ناتوانێت بەرەنگاریی بکات".

حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و محەمەد رەزا نەقدی، جێگری هەماهەنگیی سوپای پاسداران لە کۆنفرانسی نیشتمانیی گەنجبوونی دانیشتووان، لەبارەی زیانەکانی پیربوونی دانیشتووان هۆشدارییان دا.

سەلامی رایگەیاند، ئەگەر ژمارەی دانیشتووان زیاد نەکات، کۆمەڵگەیەکی پیر دروستدەبێت و "کۆمەڵگەی پیریش ناچارە بە لەناوچوون".
گوتیشی، "کۆمەڵگەی پیر کۆمەڵگەیەکی خەمۆک، بێ جووڵە و لاوازە، بۆیە کۆمەڵگەی پیر ناتوانێت بەرامبەر ئەم دونیا بەهێزە رابووەستێت".

محەمەد رەزا نەقدی، جێگری هەماهەنگیی سوپای پاسداران لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، "20%ی دانیشتووانی ئێران منداڵیان نابێت و هۆکارەکەشی بۆ هەڵکشانی تەمەنی هاوسەرگیریی دەگەڕێتەوە، بەمەش یەکێک لە فاکتەرەکانی هێز لەدەستدەدەین".

حکومەتی ئێران لە دوای جەنگی ئێران و عێراق، بە درووشمی دوو منداڵ بەسە، منداڵی کەمتر و ژیانی باشتر، دەستیکرد بە سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی دانیشتووان.
دوای 20 ساڵ لەو سیاسەتە، رابەری ئێران رایگەیاند، سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی دانیشتووان هەڵە بووە، پێویستە ژمارەی دانیشتووانی ئێران لانیکەم بگاتە 150 ملیۆن کەس.

حکومەتەکانی ئێران لە 10 ساڵی رابردوودا بە دەستەبەرکردنی هاوکاریی دارایی و قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ، کاریان بۆ زیاترکردنی دانیشتووانی ئێران کردووە و رایانگەیاندووە، درووشمی خستنەوەی دوو منداڵ سیاسەتی وڵاتانی رۆژئاوایە.

سەرەڕای ئەوانەش دانیشتووانی ئێران لە دۆخی راوەستاودایە و بەگوێرەی دوایین سەرژمێرییەکان، دانیشتووانی ئێران 88 ملیۆن کەسە.