وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا بەشی لێکۆڵینەوە لەبەروبوومە کستوکاڵییەکانی جیهان، لیستی ئەو وڵاتانەی بڵاوکردەوە کە پێشەنگن لە بەرهەمهێنانی لۆکەدا و لەنێوان ساڵی 2023 بۆ 2024 لەناو لیستی وڵاتە عەرەبییەکاندا سودان یەکەم و عێراق چوارەم وڵاتن کە زۆرترین بڕی لۆکە بەرهەمدەهێنن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لەسەر ئاستی جیهان چین زۆرترین بڕی لۆکە بەرهەمدەهێنێت و ساڵی 2023 بۆ 2024 بڕی پێنج ملیۆن و 730 هەزار تۆنی بەرهەمهێناوە، بەمەش 24%ـی بەرهەمی هەموو لۆکەی جیهان پێکدەهێنێت، هاوکات چین ساڵانە بە بەهای 13 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار لۆکە هەناردەی جیهان دەکات.
دوای چین ئەمریکا بڕی سێ ملیۆن و 963 هەزار تۆن بەرهەمهێنانی کردووە بە بەهای 10 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار هەناردەی جیهانی کردووە.
بەتێکڕای گشتیی وڵاتانی ئاسیا 67.9٪ی بەرهەمی لۆکەی جیهان دابیندەکەن کە دەچێتە پیشەسازی جلوبەرگەوە.
لەناو وڵاتانی عەرەبی سودان، میسر و سووریا پێشەنگن لە بەرهەمهێنانی زۆرترین بڕی لۆکە، بەجۆرێک سودان 700 هەزار و 800 تۆن و میسڕ 400 هەزار و 550 تۆن و سووریا 200 هەزار و 80 تۆن بەرهەمدەهێنن.
عێراق بە بەرهەمهێنانی 100 هەزار و 950 تۆن بە پلەی چوارەمدایە و یەمەن بە بڕی 100 هەزار و 400 تۆن لۆکە لە پلەی پێنجەمدایە.
لەسەر ئاستی جیهان لۆکە 53هەمین بەرهەمە کە زۆرترین بازراگنیی پێوەدەکرێت و بەشیوەیەکی سەرەکی دەچێتە نێو پیشەسازی دروستکردنی جلوبەرگەوە.