وەزیرى نەوت عێراق: بەرهەمی گازوایل و نەوتی سپیمان لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە

وەزیرى نەوتی عێراق رایگەیاند، لەسەرەتای پێکهێنانی کابینەی حکومەتەوە بڕیاردراوە رێگریی لە سوتاندنی گاز بکرێت و بگۆڕدرێت بۆ وزەی بەرهەمهاتوو، دەشڵێت، لەهەردوو مادەی گازوایل و نەوتی سپی، بەرهەممان لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵەکانی عێراقی گوتووە، "گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیاکانی تۆتاڵی فەرەنسی و قەتەر بۆ گاز کردووە بەمەبەستی وەبەرهێنان لە پێنج کێڵگەی گازی سروشتی".

باسلەوەشکراوە، "کێڵگەکان بریتین لە مەجنون، رۆژئاوای قوڕنە، لحێس و تۆبە و ئارتاوی و بەرهەمهێنان بە دوو قۆناغ جێبەجێدەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "قۆناغی یەکەم ماوەکەی سێ ساڵە، هەوڵدەدرێت 200 هەزار پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەمبهێندرێت، لە قۆناغی دووەمدا بەهەمان شێوە ماوەکەی سێ ساڵە، بەرهەمهێنانی گاز دەگاتە 400 پێ سێجا".

سەبارەت بە پرسی بەرهەمە نەوتییەکان، حەیان عەبدولغەنی رایگەیاندووە، "هەنگاوی گرنگ نراوە لەبوارى بەرهەمە نەوتییەکان و ئێستا لەهەردوو بابەتی گازوایل و نەوتی سپی، بەرهەمی زیادەمان هەیە و دەتوانین هەناردەی دەرەوەیان بکەین، لەم قۆناغەدا سەرنجی وەزارەتەکەمان لەسەر بابەتی بەنزینە و هەوڵدەدەین لەداهاتوودا بەنزینیش هاوردە نەکەین و پێویستیی ناوخۆ پڕبکەینەوە".