بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانى هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوەكرد، ماوەى 45 رۆژ بۆ وەرگرتنى 700 هەزار تۆن گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان دیاریکراوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەرێوەبەرى گشتیی بازرگانى هەرێمى کوردستان بۆ کەناڵ8 گوتى، "لە رۆژى پێنجشەممەى هەفتەى رابردوو کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ دەستمان بە وەرگرتنى گەنمى جووتیاران کردووە لە سەرجەم سایلۆکان، وەزارەتى بازرگانى عێراق ماوەى 45 رۆژى دیاریکردووە بۆ وەرگرتنى 700 هەزار تۆن گەنمى جووتیاران، بەڵام ئەگەر پێویست بکات وادەکەى درێژدەکەینەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ عێراق".
گوتیشى، "یەک تۆن گەنمى پلە یەک بڕى 2% بۆ لەسەدا 3% پارەکەى لێ دەبڕدرێت بۆ بنەتۆ و لەبرى 850 هەزار دینار، 835 هەزار دینار بۆ یەک تۆن دەدرێتە جووتیاران، هەروەها بۆ گەنمى پلە دوو 815 هەزار دینار بۆ یەک تۆن گەنم دەدرێتە جووتیاران، ئەوەش بڕیارى وەزارەتى بازرگانى عێراقە و بڕیارى ئێمە نییە".
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەى بەوەشکرد، بڕى شەش ملیار دینارى پارەى گەنمى جووتیاران گەیشتووەسەر هەژمارى وەزارەتى بازرگانى و بڕیارە رۆژى یەکشەممە 9ـی حوزەیران بیست ملیار دینارى دیكە بخرێتەسەر هەژمارى وەزارەتى بازرگانى هەرێمى کوردستان.
گوتیشى، "پارەى جووتیاران دواناکەوێت و بەغداد بڕیاریداوە تاوەكو تەواوبوونى پرۆسەى گەنمى جووتیاران سەرجەم پارەکە رەوانەبکەن، ئێمەش راستەوخۆ شایستە داراییەکان دەدەینە جووتیاران".