ئایا داینەسۆرەکان تووشی شێرپەنجە بوون؟

test
لە ئێسکی داینەسۆرەکاندا شوێنەواری گرێی شێرپەنجەیی بەدیکراوە

شێرپەنجە نەخۆشییەکی باوە. لە ساڵی 2023ـدا نزیکەی 20 ملیۆن کەس لە جیهاندا وەک تووشی شێرپەنجە ناسێنراون. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا نەخۆشیی شێرپەنجە بەرەو بوون بە پەتایەکی بەربڵاو هەنگاودەنێت.

زانایان بە بەردەوامی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی نوێ لەبارەی شێرپەنجەوە ئەنجامدەدەن، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ڕێگەکانی چارەسەر. بەدەر لەم چەشنە لێکۆڵینەوانە، توێژینەوە دەربارەی مێژووی سەرهەڵدانی ئەم دیاردە ناجۆرەش، ڕەهەندێکی گرنگە بۆ پسپۆڕان و لێکۆڵەرانی بواری شێرپەنجە. بێگومان مێژوو لایەنێکی گرنگ و بەهاداری سەرجەم نەخۆشییەکانە. لە ماوەکانی رابردوودا زانایان توانیویانە بەدواداچوون بۆ بەربڵاویی ئاستی شێرپەنجە لە ماوەی ساڵانی پێش زاییندا بکەن؛ جەختیان لەسەر بوون و ئامادەیی شێرپەنجە لە ماوەی هەزاران ساڵی رابردوودا کردووەتەوە. بەشێک لە زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی بوونی شێرپەنجە لەگەڵ بوونی ئێمەی مرۆڤدا بووە. ئەی چی دەربارەی داینەسۆرەکان، ئایا ئەوانیش تووشی شێرپەنجە بوون؟

لە ساڵی 2020 توێژینەوەیەک لەلایەن نەخۆشیزانێکی پسپۆڕەوە لەسەر ئێسکی بەبەردبووی داینەسۆرەکان ئەنجامدرا. ئەنجامی توێژینەوەکە گەلێک گرنگ و سەیروسەمەرە بوو. لە کاتی وردبوونەوە لە ئێسکی داینەسۆرێکی بەبەردبوودا، زانایان هەستیان بە بوونی پاشماوەی گرێی شێرپەنجەیی کرد. داینەسۆرە بەبەردبووەکە 76 ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا ژیاوە. پاش ئەنجامدانی بەدواداچوونی تەواو، زانایان گەیشتن بەوەی کە شێرپەنجە لەنێو داینەسۆرەکانیشدا بوونی هەبووە.

ئەم ئێسکەی لە وێنەی خوارەوەدا خراوەتەڕوو، ئاماژەی بوونی شێرپەنجە دەردەخات. ئەمە یەکێکە لە ئێسکەکانی داینەسۆرەکە. تۆپەڵێکی سەوز لەسەر بوونیادی ئێسکەکە بەدی دەکرێت کە ئەوە خودی شێرپەنجەیە و لە شێوەی گرێیەکی پتەودا خۆی دەنوێنێت. ئەگەر بە وردی تەماشای بکەیت، دەبینیت کە گرێکە لە حاڵەتی بڵابوونەوە و تەشەنەکردندا بووە.

وێنەی ژمارە 1: ئێسکی دایناسۆریکی تووشبوو بە شێرپەنجە دەردەخات.

ئەمە یەکەمین حاڵەتی پشتڕاستکراوەیە سەبارەت بە بوونی گرێی شێرپەنجەیی لە ئێسکی داینەسۆرەکاندا. دەریدەخات شێرپەنجە مێژوویەکی کۆنی هەیە و بە درێژایی مێژوو لە پەرەسەندن و گۆڕانکاریدا بووە. دەشێت ئەم دۆزینەوە نوێیە ئاسانکارییەکی زیاتر بۆ تێگەیشت لە مێژووی شێرپەنجە بکات و ببێتە دەروازەیەکی نوێ بۆ تێڕامان لە رابردوو.