پسپۆڕێک: بەرهەمی پێستی چەور بۆ پێستی وشک زیپکە زیاددەکات

پیربوون تاوەکو ئێستا وەکو پرۆسەیەکی رێگەلێنەگیراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و یەکێکە لەو پرۆسانەی دەمێکە مرۆڤ دەیەوێت خۆی لێ لابدات. ئێستا بەشێکی زۆر لە پسپۆڕان پێیان وایە دەکرێت پیربوون رێگەیلێبگیرێت، یان هیچ نەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر دوابخرێت.
یەکێک لە نیشانەکانی پیربوون، شلبوونەوە و تێكچوونی پێستە. بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەم بابەتە، کەناڵ8 چاوپێکەوتنی لەگەڵ پزیشکێکی پسپۆڕی پێست و جوانکاری کردووە.
د. سایە سامی، پزیشکی پسپۆڕی پێست و جوانکاری بە کەناڵ8ی گوت: هۆکاری سەرەکیی پیربوونی پێست کەمبوونەوەی موولوولەکانی ناو پێست و ماددەی کۆلاجینە؛ ئەم کەمبوونەوەیەش "بەهۆی تێكچوونی هۆرمۆنەکان، جگەرەکێشان، کحول، ناڕێكیی خەو و خۆراکەوە روودەدات" یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکانی پیربوونی پێست زیاد بەرکەوتنی هەتاوە.
بەگوێرەی گوتەکانی د. سایە سامی، وشکبوونەوەی پێست هۆکارێکی بەرچاوە بۆ پیربوون، بۆیە یەکێک لە رێگەکانی رێگریکردن لە گۆڕانی پێست بەکارهێنانی شێدارکەرەوەیە.
"ئەمە بەو واتایە نایەت ئەو کەسانەی پێستییان وشکە زووتر پیردەبن. کاتێک باسی وشکیی پێست پەیوەست بە بابەتی پیربوونەوە دەکەین، مەبەستمان چینەکانی ناوەوەی پێستە"
دەبێت رۆتینی رۆژانە لە چی پێکبێت؟
بەشێک لە خەڵکی رۆژانە چەندین ماددەی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن بۆ پێستییان، بەگوێرەی گوتەکانی پزیشکە پسپۆڕەکەی پێست، رۆتینی رۆژانە دەبێت پێکبێت لە "بەکارهێنانی دژەخۆر لە بەیانیاندا، بەکارهێنانی پاککەرەوە لە شەواندا و دواتریش بەکارهێنانی شێدارکەرەوەی پێست؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەو ماددانە دەبێت لەگەڵ پێستی کەسەکەدا گونجاوبن"
ئەگەر ماددەی گونجاو بۆ پێست بەکارنەهێنرێت چی روودەدات؟
"ئەگەر بێتوو کەسێکی پێست وشک بەرهەمێک بەکاربهێنێت کە پێستی چەور دروستکراوە، پێستی زیاتر وشکدەبێتەوە. خۆ ئەگەر کەسێک کە پێستی چەورە بەرهەمێک بەکاربهێنێت کە بۆ پێستی وشک دروستکراوە، ئەگەری دروستبوونی زیپکە لەسەر روخسار و پێستی زیاتردەبێت"
راستە کە دەبێت دووجار دەموچاو بشۆرێت؟
ماوەیەک لەمەوبەر، لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆمەڵێک خەڵک رێنماییان دەدا دەبێت بەردەوام پێست دوو جار بشۆرێت، جارێک بە ماددەیەکی پاککەرەوە کە بنچینەکەی ئاوە، جارێکیش بە ماددەیەکی چەور.
سەبارەت بەم ترێندەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، د. سایە سامی گوتی "ئەمە بە هیچ جۆرێک راستنییە، پێویست ناکات هیچ زیادەڕەوییەک بکرێت لە پاککردنەوەی پێستدا. زیادەڕەویکردن وادەکات کە پێستی کەسەکە بۆر ببێت و پەڵەی لەسەر دەربکەوێت"