شڤیۆنتیک براوەی رۆلاند گارۆسە بەڵام جەنگەکە لەسەر ئاستی پیاوان ماوە

دوای ئەوەی هەریەک لە خانمە یاریزانەکان، ئیگا شڤیۆنتیکی پۆڵەندی و جاسمین پاولینی ئیتاڵی خۆیان گەیاندە قۆناغی کۆتایی رۆلاند گارۆس و لە یاریی کۆتاییش رووبەڕووی یەکبوونەوە، ئەوەی چاوەڕواندەکرا روویدا، کاتێک شڤیۆنتیک توانی بۆ چوارەمجار ناسناوەکە بەرزبکاتەوە

ئیگا شڤیۆنتیکی پؤلەندی توانی چوارەم ناسناو لە ماوەی پێنچ ساڵدا بەرزبکاتەوە، کاتێک بە دوو کۆمەڵەی بێوەڵام 6 بە 2 و 6 بە 1، گرەوەکەی لە جاسمین پاولینی بردەوە.

شڤیۆنتیک 21 بردنەوەی لەسەریەکی لە رۆلاند گارۆس نووسیەوە، ئەم خانمە پۆڵەندییە تەمەنی تەنیا 23 ساڵە و یەکەم خانمە یاریزانی تێنسی سەرزەوییە کە سێ ناسناوی لەسەریەک بباتەوە لە دوای 2005، ئەوکات جەستین هێنین خاوەنی ئەم ریکۆردە بوو، هەروەها خانمە پۆڵەندییەکە ئەمساڵ ناسناوەکانی کراوەی رۆما و مەدرید و ئیندیانا وێلز و دەوحە و ئوستراڵیای بردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە پاولینی 28 ساڵ، پلەی 15ــیەمی ریزبەندی گرتووە و یەکەمجار بوو بگاتە یاریی کۆتایی، کە هەرگیز پێشتر لە قۆناغی دووەم زیاتر تێنەپەڕیووە، تەنیا لە کراوەی ئوستراڵیا توانی بگاتە قۆناغی چوارەم، لە ئەمرۆشەوە لە دووانەی خانمان لە کراوەی فەرەنسا یاریی دەکات.

ئیگا شڤیۆنتیک، دوای بردنەوەی ناسناوی رۆلاند گارۆس.

لە لایەکی دیکەوە چیرۆکی رۆلاند گارۆس لەسەر ئاستی پیاوان جیاوازە، یەکەم هەنگاوی بە بردنەوەی لە ئەفسانەکەی بواری تێنس، رافائێل نادال دەستپێکرد، ئالێکساندەر زڤێریڤی ئەڵمانی یەکە بە یەکە رکابەرەکانی راماڵی و خۆی گەیاندە قۆناغی کۆتایی، کە تیایدا رووبەڕووی کارلۆس ئالکارازی ئیسپانی دەبێتەوە.
یاریی کۆتایی رۆلاند گارۆسی فەرەنسی، لەسەر ئاستی خانمان بە پالەوانبوونی ئیگا شڤیۆنتیک تەواوبوو، بەڵام هێشتا جەنگی پیاوانیش ماوە، زڤێریڤ رووبەڕووی رکابەرەێکی سەرسەخت دەبێتەوە، کە ئەویش ئالکارازی ئیسپانییە، لە یاریی قۆناغی پێشکۆتایی توانی یانیک سینەری ئیتەڵی بکاتە دەرەوە، کە توانیبووی پێشەنگی لە نۆڤاک جۆکۆڤیچ وەربگرێت.
زڤێریڤ 27 ساڵە و پلەی چوارەمی ریزبەندی گرتووە، رووبەرووی ئالکاراز دەبێتەوە، کە تەنیا پلەیەک پێشخۆیەتی و بەتەمەنیش شەش ساڵ لەخۆی بچوکترە.
زڤێریڤ لە کاروانی وەرزشی خۆیدا، مەدالیایەکی ئاڵتوونی لە ئۆلؤمپیادی تۆکیۆی 2020 بردووەتەوە، ساڵی 2021، توانی شەش ناسناو لە پالەوانییەتیە جیاوازەکان بەدەستبهێنێت و ئەمساڵیش ناسناوی کراوەی رۆمای بەدەستهێنا، ئالکارازیش ئەمساڵ تەنیا توانی کراوەی ئیندیان وێڵز بباتەوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو 6 ناسناوی پالەوانییەتیە جیاوازەکانی بردەوە.

ئالێکساندەر زڤێریڤ و کارلۆس ئالکاراز