ئەرجەنتین بەرەبەیانێک بە رووبەڕووبونەوەی ئێکوادۆر دەستپێدەکات

test

هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پاڵەوانی جیهان و کوپا ئەمریکای رابردوو، بەپێکهاتەیەکی ئاگرینەوە ئامادەکارییەکانی بۆ پاڵەوانییەتی کوپا ئەمریکا دەستپێکردووە و بەرەبەیانی سبەینێ لە یارییەکی دۆستانەدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئێکوادۆر دەبێتەوە.

تانگۆی هەڵگری ناسناو، دوو هەفتەیە کەمپێکی مەشق و راهێنانی لە ئەمریکا سازکردووە و ئامانجی لیۆنێل سکالۆنی راهێنەر و یاریزانەکانی پارێزگاریکردنە لە ناسناوەکە، کە 2021 لە یاریی کۆتایی سەدەدا لە یاریگەی ماراکانا بەگۆڵێکی دی ماریا بەرازیلی دووچاری شکستکرد و بووە پاڵەوان.

کوپا ئەمریکا لەدوای 12 رۆژی دیکە لە ئەمریکا دەستپێدەکات، ئەرجەنتین بەئامادەبوونی لیۆنێل مێسی و تەواوی ئەستێرەکانی ئامادەکارییەکی تەواویان بۆ پاڵەوانییەتیەکە کردووە، هەڵبژاردەی تانگۆ لەدوای ئێکوادۆر یارییەکی دۆستانەی دیکە بەرامبەر گواتیمالا ئەنجامدەدات و دواتر کێبڕکێیەکانی کوپا ئەمریکا دەستپێدەکات.

ئەرجەنتین پێشتر دوایین ناسناوی کوپا ئەمریکای لە 1993 بەدەستهێنابوو، بەڵام لە کوپا ئەمریکای رابردوو سەرکەوتووانە پاڵەوانییەتیەکەیان لەبەرژەوەندی خۆیان یەکلاکردەوە و بۆ 15 یەمین جار لەمێژوویاندا جامەکەیان بەرزکردەوە.

یاریزانانی هەڵبژاردەی تانگۆ، بەباشی ئاگادارن لەوەی، کە مێسی بۆ دوایین جار بەشداری کوپا ئەمریکا دەکات و بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیەوە ناتوانێت بەردەوام بێت، لەبەرئەوە دەیانەوێت بجەنگن بۆ ناسناوەکە و بەشێوەیەکی شایستە رێز لە باشترین یاریزانی مێژووی وڵاتەکەیان بگرن.

سکالۆنی پشت بەئەستێرەکانی دەبەستێت لەبەدەستهێنای ناسناوی کوپا ئەمریکای 2024، کە لەهەمان ئەو پێکهاتەیە پێکهاتوون بۆ دووەمجار لەمێژوودا مۆندیالیان بۆ ئەرجەنتین بەدەستهێنا، لەسەر هەموویانەوە لیۆنێل مێسی، ئەنخێل دی ماریا، دی پاو، لاوتارۆ و ئیمیلیانۆ مارتینێزە، کە لەم وەرزەی خولە ئەوروپییەکان باشترینی یانەکانیان بوون.

loading....