کۆمپانیای گشتیی شەمەندەفەری عێراق رایگەیاند، 70%ـی هێڵەکانی شەمەندەفەر لە عێراق خراونەتەوەگەڕ و دەشڵێت، لەبەرنامەیاندایە میترۆی بەغدادیش بخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
یونس کەعبی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای شەمەندەفەر رایگەیاندووە، "عێراق نزیکەی 2200 کم هێڵی شەمەندەفەری هەیە لە هێڵی سەرەکی و لاوەکی کە لە پارێزگای بەسرەوە درێژدەبێتەوە بۆ نەینەوا و ئەنبار لە خۆرئاواوە و کەرکوک لە خۆرهەڵاتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە "75%ـی هێڵەکان بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە زیانیان پێگەیشتبوو، بەڵام ئێستا 70%ـی هێڵەکان خراونەتەوەکار".
یونس کەعبی باسیلەوەشکردووە، "هێڵی کەرکوک بەتەواوەتی لە خزمەت دەرچووە، هەروەها بەشێک لەناوچەکانی ئەنبار، پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی پرد هەیە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق پرۆژەی میترۆی بەغداد دەخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە لەحەفتاکانی سەدەی رابردووەوە پلانی بۆ دانراوە کە 80%ـی پارێزگای بەغداد دەگرێتەوە".