وەزارەتى دارایى لیستى مووچەى ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە

وەزارەتى دارایى و ئابوریى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لیستى مووچەى ئەمڕۆ دووشەممە و سبەى بڵاوکردەوە.

وەزارەتى دارایى و ئابوریى لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کەمێک لەمەوبەر بڕی 344 ملیار و 875 ملیۆن دینار، وەکو شایستەی مووچەی مانگی نیسانی هێزەکانی پێشمەرگە و دام و دەزگا ئەمنییەکان خرایەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابوریی، لە لقی هەولێری بانکیی ناوەندیی عێراق.      

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمڕۆ دووشەممە 10ـى حوزەیرانى 2024، دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی هێزەکانی پێشمەرگە و دام و دەزگا ئەمنییەکان دەکرێت.

بەهۆى رێکنەکەوتنى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایى و ئابوریى عێراق، مووچەى مانگى چوارى هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان دواکەوت، ئەوەش بەهۆى ئەوەى بەغداد داواى ناوى تەواوى ئەو هێزانەى دەکرد و هەرێمى کوردستانیش رەتیدەکردەوە و داواى دەکرد بە کۆد لیستى مووچەى هێزەکانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بنێرێت.

لە چەند رۆژى رابردوودا شاندى دیوانى چاودێرىى دارایى عێراق گەیشتە هەرێمى کوردستان و چەندین کۆبوونەوەى لەگەل شاندى چاودێریى دارایى هەرێمى کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدا بۆ وردبینى لە لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانى پێشمەرگە.

دواى چەند کۆبوونەوەیەک حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد، لەگەڵ بەغداد رێککەوتن ناوى سیانى هێزەکانى پێشمەرگە بنێرن، داواشدەکەن ناوى بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان کە هەستیارن بە کۆد بنێرن.