ئینگلتەرا خاوەنی بەبەهاترین پێکهاتەی یۆرۆیە

هەڵبژاردەی ئینگلتەرا پێش چەند رۆژێک لەدەستپێکردنی پاڵەوانییەتی یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا، خاوەنی بەبەهاترین پێکهاتەیە لەپاڵەوانییەتیەکەدا.

هەڵبژاردەی سێ شێرەکە لەو پێکهاتەیەدا، کە لەلایەن گاریس ساوسگەیتی راهێنەرەوە راگەیەندرا، کۆمەڵێک لە دیارترین ئەستێرەکانی جیهان لەخۆدەگرێت، ئەوانیش هاری کەین، جود بێلینگهام، فیل فۆدین و کۆل پالمەرە.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی رایگەیاند، کە بەهای پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا زیاترە لە هەر هەڵبژاردەیەکی دیکەی پاڵەوانییەتیەکە و نرخەکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن پاوەندە.

ئینگلتەرا لەڕووی بەهای پێکهاتەکانەوە پێش هەڵبژاردەی فەرەنسا کەوتووە، کە بەهاکەی یەک ملیار و 40 ملیۆن پاوەندە و هەریەکە لە ئێمباپێ و کاماڤینگا و گریزمان لەخۆدەگرێت.