دەستپێکی یورۆی 2024 تەنیا چوار رۆژی ماوە و ئاهەنگ و رێورەسمی دەستپێک و یەکەمین یاریی پاڵەوانییەتییەکە لەنێوان ئەڵمانیا و سکۆتلەندا لە یاریگەی ئەلیانز ئارینای تایبەتە بە یانەی بایرن میونشن ئەنجامدەدرێت.
هەڵبژاردنی ئەلیانز ئارینا بۆ ئەم بۆنە گەورەیە لەخۆوە نییە، بەڵکو یاریگەکە لە رووەکانی ئەندازیاری و دیزاینی تەلارسازییەوە یەکێکە لە قەشەنگترینەکانی ئەڵمانیا و جیهان، دەکەوێتە هەرێمی باڤاریاوە لە باکووری ئەڵمانیا، بە دەیەم گەورەترین یاریگەی ئەوروپا و سێیەم لە ئەڵمانیا دادەنرێت، توانای لەخۆگرتنی 75 هەزار هاندەری بۆ یارییەکانی خولی ئەڵمانیا و 70 هەزاری لە بۆنە نێودەڵەتییەکاندا هەیە.
بەردی بناغەی یاریگەکە لە ساڵی 2002 دانرا و بە 340 ملیۆن یورۆ کارەکانی بونیادنان لە 2005 کۆتاییهات، یەکەمین یارییش کە لەم یاریگەیەدا کرا لەنێوان یانەکانی میونشن 1860 و نۆرنبێرگدا بوو.
ئەم یاریگەیە لەسەرەتاوە موڵکی یانەکانی میونشن 1860 و بایرن میونشن بوو، بەڵام دوو ساڵ لەمەوبەر یانەی میونشن 1860 بڕیاریدا ئەو لەسەددا 50ی پشکەی کە هەیەتی بە بایرنی بفرۆشێتەوە.
یاریگەکە بە لایت و رووناکی دەرەکیی ناسراوە، کاتێک بایرن یاریی تێدادەکات رەنگی سوور دەکرێت و کاتێکیش ئەڵمانیا یاریدەکات رەنگەکە دەگۆڕێت بە سپی، هەر لەنێو یاریگەکەدا مۆزەخانەیەکی هەزار مەتری و پارکینگی ئوتۆمبێل هەیە کە 10 هەزار ئوتۆمبێل لەخۆدەگرێت و هەرگیز لەبەردەم یاریگەکەدا قەرەباڵغی دروست نابێت، بۆ هاندەرانیش 54 دەرگای چوونە ژووەرەوە تەرخانکراوە و بۆ یاریزانان و راهێنەران چوار دەرگای چوونە ژوورەوە هەیە، شوێنی خۆگەرمکردنی داخراوی هەر تیپێک 110 مەترە و دەتوانن نەچنە نێو یاریگە تاوەکو کاتی دەستپێکی یارییەکان.
هەر لەم یاریگەیەدا، یاریی دەستپێکی مۆندیالی 2006 لەنێوان ئەڵمانیا و کۆستاریکا ئەنجامدرا، لەگەڵ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2012، ئەمجارەش لە یورۆی 2024 شەش یاری لەخۆدەگرێت، کە یەکێکیان دەستپێکە و یەکێکی دیکەشیان قۆناغی نیوەی کۆتایی.