کارلۆ ئەلکارازی ئیسپانی بۆ یەکەمجار لەکاروانی وەرزشیدا ناسناوی پاڵەوانییەتی رۆلاند گارۆسی فەرەنسای بۆ تێنسی سەر زەوی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی یاریی کۆتایی بەئەنجامی سێ کۆمەڵە بەرامبەر دوو کۆمەڵە لە ئەلیکساندەر زڤیرێڤی ئەڵمانی بردەوە، کە یارییەکە ماوەی چوار کاتژمێر و 19 خولەک بەردەوامبوو.
ئەوە سێیەمین ناسناوی ئەلکارازی سێیەمی ریزبەندی جیهانە لە پاڵەوانییەتیەکانی گراند سلام، کە پێشتر لە 2020 ناسناوی ئەمریکای کراوە و لە 2022 وێمبڵدۆنی بەدەستهێنا.
ئەستێرە ئیسپانییەکە بووە لاوترین یاریزان، کە لەتەمەنی 21 ساڵیدا ناسناوی سێ لە پاڵەوانییەتیە گەورەکانی تێنس بەدەستبهێنێت، کە پێشتر رافایل نادالی هاونیشتیمان لەتەمەنی 22 ساڵی ئەو کارەی ئەنجامدابوو.
ئەلکاراز لە یارییەکەدا رووبەڕووی ئاستەنگی بووە، دوای ئەوەی لەکۆمەڵەی سێیەمدا شکستیهێنا، بەڵام دواتر بەبەهێزی گەڕایەوە و دوو کۆمەڵەی لەسەریەکی بردەوە، بەوەش یارییەکەی لەبەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
هاوکات زڤیرێڤی ئەڵمانی لەکۆمەڵەی پێنجەمدا رەخنەیەکی زۆری لەسەر بڕیارەکانی ناوبژیوانی سەرەکی یارییەکە هەبوو، بەتایبەتی کاتێک لەیەکێک لە خاڵەکاندا توانی سێرڤی رکابەرەکەی بشکێنێت، بەڵام ناوبژیوان بڕیارەکەی گۆڕیی و خاڵەکەی هەژمارنەکرد.
ئەوەش بۆ دووەمجار بوو زڤیرێڤی 27 ساڵ شکستبهێنێت لەبەدەستهێنانی ناسناوی پاڵەوانییەتیەکانی گراند سلام، کە پێشتر لە 2020 ناسناوی ئەمریکای کراوەی بەرامبەر دۆمێنیک سیم لەدەستدا.
یاریی کۆتایی پاڵەوانییەتی رۆلاند گارۆسی ئەمساڵ، بۆ یەکەمجاربوو لە ساڵی 2004 وە بەبێ ئامادەبوونی هەریەکە لە رافا نادال، نۆڤاک جۆکۆڤیچ و رۆجێر فێدرێر ئەنجامبدرێت.