وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی 5ـی بڵاوكردەوە

فۆتۆ: حەمە سوور

وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان خشتەى مووچەى مانگى ئایارى بڵاوکردەوە و بەگوێرەی خشتەکە سبەی دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات و لە سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشدەکرێت.

بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتى دارایی، سبەینێ وەزارەتەکانى تەندروستى، کاروبارى کۆمەڵایەتى، دارایی و ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییەکانى رەگەزنامە، دەستەى دەستپاکى، وەبەرهێنان، ژینگە، دەزگاى مین و ناوچەکانى دەرەوەى هەرێم، دیوانى چاودێرى دارایی و مافى مرۆڤ مووچە وەردەگرن.

هەر بە گوێرەی خشتەی مووچە، رۆژی چوارشەممە وەزارەتەکانى پەروەردە، داد، ئەوقاف، کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، گواستنەوە، کشتوکاڵ، بازرگانى، سامانەسروشتییەکان و ئەنجوومەنى دادوەریی مووچە وەردەگرن.

هاوکات، رۆژی پێنجشەممە وەزارەتەکانى شارەوانى، پلاندانان، خوێندنى باڵا، ئاوەدانکردنەوە، کارەبا، رۆشنبیرى و کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و سەرۆکایەتییەکانى هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنى وەزیران و پەرلەمان مووچە وەردەگرن.

وەزارەتى دارایی دەشڵێت، 419 ملیار و 190 ملیۆن دینارى دیکە خرایە سەر هەژمارى بانکیی وەزارەتەکەیان و خانەنشینى سەربازیی لە لیستەکەدا نییە بەهۆى نەگەیشتنى پارەدارکردنیان لەلایەن وەزارەتى دارایی عێراقەوە.