عێراق پێشنیازێکی نوێى بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمى کوردستان هەیە

بۆ چارەسەركردنی كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، عێراق پێشنیازێكی نوێ بە كۆمپانیا نەوتییەكان دەدات و سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دانوستاندنەکان زانیاریى نوێ لەبارەیەوە بۆ کەناڵ8 ئاشکرادەکات.
کەناڵ8 لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان، لەناو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، زانیوویەتی بەغداد رژدبووە لەسەر ئەوەی نرخی دەرهێنانی نەوت و سروشتی گرێبەستەکان، دەبێـت هاوشێوەی عێراق بێت، بەڵام پێشنیازی کردووە بۆ کۆمپانیاکان کە سەرجەم قەرزەکانی ئەو کۆمپانیایانە کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیانە، بداتەوە بە ماوەی 10 ساڵ.
دوو رۆژە شاندى هەرێمى کوردستان و ئەپیکۆر، لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆدان و حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراقیش، لە نوێترین لێدوانیدا بە ئاژانسى هەواڵى فەرمیى عێراقى راگەیاند، لە دانوستانەکانیاندا بەرەوپێشچوون هەیە، دووپاتیشیکردەوە، گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتەکە بۆ بەندەرى جەیهان.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "کۆمپانیا نەوتییەکان پێشنیازەکەی عێراقیان وەرگرتووە گوتوویانە گفتوگۆی زیاتری لەسەر دەکەن و وەڵامی عێراق دەدەنەوە".
بە گوتەی حکومەتى هەرێمی کوردستانیش زیانی وەستانی هەناردەی نەوت مانگانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە و کۆمپانیاکانی نەوتیش دەڵێن، "وەستاندنی پرۆسەکە زیانی زیاتر لە 17 ملیار دۆلاری هەبووە".
لە 25ی ئازاری 2023 بەهۆی سکاڵایەکی عێراق و بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیرا و دادگاكە سزای یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلاریشی بەسەر تورکیادا سەپاند.