سزای لەسێدارەدانی محەمەد خزرنەژاد مامۆستای ئایینی بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەمکرایەوە

test

محەمەد خزرنەژاد، مامۆستای ئایینیی شاری بۆکان دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا، بەهۆی داوای ژمارەیەک مامۆستای ئایینییەوە سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەمکرایەوە.

ئاژانسی هەواڵی میزان لە ئێران کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتەیە، بڵاویکردەوە، سزای لەسێدارەدانی محەمەد خزرنەژاد لە سێدارەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەمکراوەتەوە.

میزان ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، ئەو سزایە بەهۆی بەدواداچوون و داوای ژمارەیەک مامۆستای سوننە گۆڕدراوە.

مامۆستا خزرنەژاد لە 24ـی تشرینی یەکەمی 2022، بەشداریی لە مەراسیمی یادی ئەسعەد رەحیمی یەکێک لە کۆچکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ژینا لە بۆکان کردبوو و لە مزگەوتی ئیفتیخاریی ئەو شارە وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا رەخنەی لە هەڵسوکەوتی حکومەت بەرامبەر بە خۆپیشاندەران گرتبوو.

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شەودا دەچنە سەر ماڵەکەی، لەگەڵ کوڕە تەمەن 16 ساڵەکەیدا دەستگیری دەکەن و دەگوێزرێتەوە بۆ فەرمانگەی ئیتڵاعات لە ورمێ و بۆ ماوەی 108 رۆژ لە زینداندا دەیهێڵنەوە.

لقی سێی دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە ورمێ، دوای 14 مانگ لە دەستگیرکردنی خزرنەژاد، لە 23ـی کانوونی یەکەمی 2023 بە تۆمەتەکانی "بڵاوکردنەوەی خراپە لەسەر زەوی" و "زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی ئێران" و پڕوپاگەندە دژی حکومەت" سزای لە سێدارەدان و 16 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا.

266 مامۆستای ئایینی لە تۆمارێکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی دەکەن و هاوکات تانە لە سزاکەی دەدرێت، بەڵام لقی 41ی دیوانی باڵای دادوەریی ئێران لە شەشی حوزەیرانی ئەمساڵدا سزاکانی سەر مامۆستا محەمەد خزرنەژادی تەمەن 45 ساڵی پەسەندکردەوە. 

ئەمڕۆ ماڵپەڕی میزان بڵاویکردووەتەوە، لەسەر بەدواداچوون و داوای مامۆستایانی ئایینی، سزای لەسێدارەدانی مامۆستا خزرنەژاد کەمکراوەتەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

loading....