مەسرور بارزانی: شۆڕشێکمان لە چاکسازیی کشتوکاڵی دەستپێکردووە

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، دەیانەوێت کەرتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان بیگەیەننە ئاستى ستانداردى جیهانى و جگە لە پڕکردنەوەى بەرهەمى ناوخۆ بشبێتە سەبەتەیەکى خۆراکى بۆ هەموو عێراق و ناوچەکە، دەشڵێت، ئامانجى سەرەکى ئەوان فرەچەشنکردنى سەرچاوەى داهاتە.
لەمیانى دانانى بەردى بناغەى عەلوەى ئاکرێ، مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان گوتارێکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، حکومەتى هەرێمى کوردستان گرنگى زۆرى بەکەرتى کشتوکاڵ داوە و جێى دڵخۆشییە کە دەبینن بەرهەمى پەتاتە لە کوردستان رۆژبەرۆژ زیاتر دەبێت جگە لە پڕکردنەوەى پێداویستى ناوخۆ و توانیوویانە بەرهەمى پەتاتە هەناردەى دەرەوە بکەن.
گوتیشى، شۆڕشى چاکسازییان لە کەرتى کشتوکاڵ دەستپێکردووە و دەیانەوێت کەرتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان بگەیەننە ئاستى ستانداردى جیهانى و جگە لە پڕکردنەوەى بەرهەمى ناوخۆ بشبێتە سەبەتەیەکى خۆراکى بۆ هەموو عێراق و ناوچەکە و ببێتە سەرەتایەک بۆ گەشەسەندنى کەرتى پیشەسازى و رەخساندنى هەلى کار".
لە بارەى نیگەرانییەکانى جوتیاران بۆ هاوردەکردنى بەرهەمى دەرەوە، مەسرور بارزانى گوتى، هەنگاوى پێویست لەوچوارچێوەیەدا دەگرنەبەر و بەهاوبەشى لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵ و دارایى رێگە نادەن ئەو بەرهەمانەى لە ناوخۆ بەرهەدەهێنرێن لە دەرەوە هاوردەبکرێت".
گوتیشى، لەداهاتو،دا گرنگى زیاتر بە کەرتى کشتوکاڵ دەدەن و لە بەرنامەیاندایە ژمارەیەک بەنداو دروست بکەن بۆ خزمەتى کەرتى کشتوکاڵ.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئامانجى سەرەکى ئەوان فرەچەشنکردنى سەرچاوەى داهاتە و دروستکردنی ژێرخانێکى بەهێزە و کارەکانیان لەو چوارچێوەیەدا لە کەرتى تایبەتیش بەردەوامە دەبن.