گروپی کەی پۆپ "سێڤنتین" دەبێتە باڵیۆزی نیازپاکی یۆنسکۆ

رێکخراوی یۆنسکۆ ئاشکرایکردووە، گروپی کی پۆپ "سێڤنتین"، کە یەکێکە لە گروپە بەناوبانگەکان لە جیهاندا، بە باڵیۆزی نیازپاکی دیاریدەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی یۆنسکۆ، ئۆدری ئازۆلای گوتوویەتی، "گروپی سێڤنتین و یۆنسکۆ هەمان ویستیان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن ئامرازە پێویستەکان بۆ گەنجان بەردەست بخەن، بۆ سەرکردایەتی گۆڕانکارییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییەکانی سەردەم"، ئاماژەی بەوەشکردوە کە گروپە موزیکییەکە سەرچاوەی ئیلهامە و بە موزیکەکەیان و وزە ئەرێنییەکان هانی گەنجان لە سەرانسەری جیهاندا دەدەن.

ئازۆلا گوتووشییەتی، "دوای سەرکەوتن لە چەندین چالاکیی هاوبەشدا، ویستم هاوبەشییەکەمان بەهایەکی ستراتیجی گەورەتری هەبێت، لە 26ـی ئەم مانگەشەوە دڵخۆش دەبم بەوەی پێشوازی لە ئەندامانی گروپەکە بکەم، تا بێنە نێو خێزانی باڵیۆزەکانی نیازپاکی یۆنسکۆوە".

کی پۆپ "سێڤنتین"ـی کۆریای باشوور کە ساڵی 2015 دامەزراوە و 13 گۆرانیبێژ لەخۆدەگرێت، دووەم گروپی موزیک بووە کە ساڵی 2013 زۆرترین داهاتی لە جیهاندا بەدەستهێناوە دوای تایلەر سویفت.

لە پلاتفۆڕمی سپۆتیفایشدا، ملیۆنان جار گوێ لە گۆرانییەکانیان گیراوە، گۆرانی "Don't Wanna Cry"ـیش لە یوتیوبدا 275 ملیۆن بینەری لە یوتیوبدا هەبووە.

بە دیاریکردنی ئەو گروپەش بە باڵیۆزی نیازپاکی دەبێت بەهرە و دەنگیان لە خزمەت بەهاکانی رێکخراوەکە و ئەرکەکانی دابنێن.

لە نێوان باڵیۆزەکانی یۆنسکۆشدا، ڤێنیسیەسی یاریزانی بەرازیلی، رۆسی دێ پاڵمای ئەکتەری ئیسپانی، فۆرێست وێدەکر ئەکتەری ئەمریکی، ماورو کۆلاگریکۆ چێشتلێنەری ئەرجەنتینی هەن.