سەرچاوەیەک لە وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند، بەهۆى لەکارکەوتنى ئامێرەکانی راکێشانی پارە 'ATM' لە شارى هەولێر کێشە بۆ دابەشکردنى مووچەى هێزى پێشمەرگە درووستبووە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى پێشمەرگە بە کەناڵ8ـی گوت: کێشە بۆ دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەولێر دروستبووە و دواى بەدواداچونمان بۆ هۆکاری کێشەکە، پێیان راگەیاندین کە سیستمى کارکردنى ئامێرەکانی راکێشانی پارە وەستاون و تاوەکو ئێستا نەتواندراوە کێشەکەیان چارەسەربکرێت.
گوتیشی، بەوهۆیەوە زۆرێک لە هێزەکانى پێشمەرگە نەیانتوانیوە مووچە وەربگرن و سەرەیەکى زۆر درووستبووە لەبەردەم ئامێرەکانى دابەشکردنى مووچە.
بەپێی خشتەی دابەشکردنی مووچە، ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە، داد، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەنجومەنی دادوەری و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ مانگی ئایار دابەشدەکرێت و هاوکات مووچەی مانگی نیسانی وەزارەتی پێشمەرگەش لە دوێنێوە دەستبەدابەشکردنی کراوە، بەڵام لە ئێستادا کێشە بۆ ئامێرەکانی راکێشانی پارە 'ATM' لە شارى هەولێر دروستبووە و ئەو مووچەخۆرانەی لەرێگەی هەژماری منەوە مووچەکانیان وەردەگرن، ناتوانن پارە رابکێشن.