لێدوانێک لە گوتەبێژی یەکەی 70ـەوە لەبارەی گرفتی دابەشکردنی مووچە

test
فۆتۆ: حەمەسوور

گوتەبێژی یەکەی 70ـی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی گرفتی دابەشکردنی مووچەوە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، پارەی مووچە کورتهێنانی هەیە، وەزارەتی داراییش پێیڕاگەیاندوون لە بەغدادەوە هەر ئەو بڕە هاتووە و داوایانکردووە چارەسەر بکرێت.

ماوەی دوو رۆژە گرفت بۆ دابەشکردنی مووچەی یەکەی 70 و بەشێک لە خانەنشینان دروستبووە و بەشێکی زۆریان تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە، لە بانکەکانیش پێیان گوتوون، "پارە لە بانکدا نییە."

لەوبارەیەوە ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی یەکەی 70ی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە بە کەناڵ8ی گوت، لەو بڕە پارەیەی کە پێویستە بۆ یەکەی 70 و خانەنشینان و مووچەخۆران کەمتر بۆ سلێمانی نێردراوە، بۆیە گرفت بۆ دابەشکردنی مووچە دروستبووە و تاوەکو ئێستا گرفتەکە چارەسەرنەکراوە.

گوتیشی، وەزارەتی دارایی هەرێم پێیڕاگەیاندوون، پارەکە لە بەغدادەوە بە کورتهێنانەوە نێردراوە و بۆ یەکەی 70 و خانەنشینانی سلێمانی هەر ئەوەندە بووە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.

ئەحمەد لەتیف گوتیشی، "ئێمە نازانین بڕی پارەکە لە بەغدادەوە کەمتر نێردراوە یاخود لە هەولێر، بەڵام لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و هەموو هەوڵێک دەدەین پێش جەژن مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشبکرێت."

loading....