یۆرۆی 2024 کۆتاییهاتنى سەردەمى چەندین ئەستێره‌ ده‌بێت

کۆمەڵێک لە ئەستێرە دیارەکانی هەڵبژاردەکانی ئەوروپا تەمەنیان بەردەوام لەهەڵکشاندایە و رەنگە بەبەشداریکردنیان لە پاڵەوانییەتی یۆرۆی 2024 سنورێک بۆ ئەزمونی یارییە نێودەوڵەتییەکان دابنێن و وازهێنان لە یاریی هەڵبژاردەکانیان رابگەیەنن.

یەکێک لە دیارترین یاریزانەکان، تۆنی کروسی ئەستێرەی ئەڵمانیایە، کە مانگی رابردوو لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا دوپاتیکردەوە دوای پاڵەوانییەتی یۆرۆ بەیەکجاریی واز لە یاری تۆپی پێ دەهێنێت، کە دوای ئەوەی لەگەڵ ریال مەدرید چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، دەیەوێت بەشێوەیەکی خەیاڵی ماڵئاوایی یەکجاریی بکات و بە ناسناوی یۆرۆوە لەخاکی وڵاتەکەیدا وازهێنان رابگەیەنێت.

کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دوای تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سەختەی لە مۆندیالی رابردوو بەسەریداهات، دووبارە لەگەڵ رۆبەرتۆ مارتینێزی راهێنەری نوێی وڵاتەکەی گەڕایەوە ئاستی راستەقینەیی، کە گۆڵکەری مێژووییی تۆپی پێی جیهانە و بۆ شەشەمجارە بەشداری لە یۆرۆ دەکات و بەئەگەرێکی زۆرەوە دوایین پاڵەوانییەتی یۆرۆ دەبێت بۆ ئەستێرەکەی مادێرا، لەبەرئەوە یاریزانە 39 ساڵەکە دەیەوێت هاوشێوەی 2016 بۆ دووەمجار ناسناوی یۆرۆ لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەدەستبهێنێت.

لۆکا مۆدریچی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید، کە زۆرترین یاریی بەدرێسی هەڵبژاردەی کرواتیاوە ئەنجامداوە لەمێژوودا، جارێکی دیکە سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی دەکات لە پاڵەوانییەتی یۆرۆدا، کە دەبێتە دوایین یۆرۆ پێش وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی بەشداری تیادابکات.

مۆدریچ لە مۆندیالی 2006 وە دەستیکردوە بە یاریکردن بۆ کرواتیا و لە 10 ساڵی رابردوودا یەکێک بووە لەباشترین یاریزانەکانی جیهان، لۆکای 38 ساڵ تەنیا چەند رۆژێک گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید نوێکردووەتەوە و سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی، بەڵام هەمیشە کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر ئەنجام و بردنەوەکانی یانەکە.