زیاتر لە 20 هەزار تۆن گەنم لە سنوری سایلۆکانی سلێمانی وەرگیراوە

ماوەی شەش رۆژە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و تا ئەوکاتەی سایلۆکان پڕ دەبن، گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە کەناڵ8ـی گوت:" تاوەکو ئێستا بڕی 20 هەزار و 683 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە".
بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی گوتیشی: "بەگشتی سایلۆکان توانای کۆگاکردنی 80 هەزارتۆن گەنمیان هەیە لەهەر سایلۆیەک، بەڵام لەبەشێک لە سایلۆکان 20 هەزاری پێشتری تێداماوەتەوە، واتە 60 هەزار تۆن وەردەگیرێت، جگە لە سایلۆکانیش بەیکەرەکان توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆنیان هەیە لەهەر دانەیەکیان".
لەبارەی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی گوتی "پێش دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنم بڕی سێ ملیار دینارمان بۆ هاتووە وەکو پێشینەی یەکەم و بڕیارە بەمنزیکانە بەغدا بڕی 20 ملیار دیناری دیکە بنێرێت، لەو ژمارەیە بڕی 10 ملیار دیناری بۆ سایلۆکانی سلێمانییە".
ئەمساڵ بەغداد بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگرێت، لەو ژمارەیە 282هەزار و 660 تۆن لە سلێمانی وەردەگیرێت، کەدەکاتە 40٪ـی گەنمی هەرێمی کوردستان
لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین چوار سایلۆ و دوو بەیکەر بوونیان هەیە کە دابەشبوون بەسەر پیرەمەگروون، چەمچەماڵ، رانیە، سەیدسادق، هەڵەبجە و کەلار.
لە رۆژی 6ـی حوزەیرانەوە دەستکراوە بە وەرگرتنی گەنم و تاوەکو ئەمڕۆ شەش رۆژە پرۆسەکە بەردەوامە.