ماسولکەکان کۆمەڵە شانەیەکی بەهاداری نێو جەستەی مرۆڤن، هاریکاریی ئەنجامدانی کارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی رۆژانە دەکەن؛ چوارچێوەیەکی بەهێز بۆ راگرتنی جەستەی مرۆڤ و ئەنجامدانی جووڵە دابیندەکەن.
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بەشی زۆری خەڵکی ئارەزووی بونیادنانی ماسولکە و بەدەستهێنانی لەشولارێکی رێکیان هەیە، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم پرسە بووە بە باسوخواسی نێو خەڵک. هاوڵاتییان لە هەموو تەمەنە جیاوازەکانەوە روو لە هۆڵەکانی لەشجوانیی دەکەن. لەم سۆنگەیەوە، لە بەرنامەیەکی تەندروستیی کەناڵ8ـدا، بە میوانداریی کۆمەڵێک کەسی پسپۆڕ، باس لە تەندروستیی ماسولکەکان کرا و گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەبارەی چۆنییەتی دروستکردنی ماسولکەکان بەڕێگەیەکی تەندروستانە و پەیڕەوکردنی بەرنامەیەکی خۆراکیی تەندروست ئەنجامدرا.
چۆن ماسولکەکان بونیادبنێین؟
ئاشکرایە ماسولکەکان لە پڕۆتینەوە دروستدەبن، پڕۆتینیش دوو جۆری هەیە: پرۆتینی ئاژەڵی و پرۆتینی رووەکی. پرۆتینی ئاژەڵی بەهایەکی خۆراکیی زیاتری هەیە بە بەراورد بە پرۆتینی رووەکی، کەواتە پێویستە گرنگەییەکی زیاتر بە پڕۆتینە .ئاژەڵییەکان بدەین
دکتۆر سیروان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی خۆراک و نەخۆشییەکانی قەڵەویی، سەبارەت بە پێویستیی پڕۆتینەکان، بە کەناڵ8ـی راگەیاند: ”بۆ بونیادنانی ماسولکە، هەر یەکێک لە ئێمە لە هەر ژەمێکدا نزیکەی 20 گرام پڕۆتینی پێویستە. ئاشکرایە لە 100 گرام گۆشتدا 20 گرام پڕۆتین هەیە. لەلایەکی دیکەوە، لە هەر هێلەیەکدا پێنج بۆ شەش گرام پڕۆتین هەیە، کەواتە پێویستە لە ژەمی بەیانیدا سێ بۆ چوار هێلەکە بخورێت، بە ئامانجی بەدەستهێنانی بڕی تەواو لە پڕۆتین.“
بەگوێرەی سیستەمی ستانداردی نێودەوڵەتیی، لە هەر ژەمێکدا 0.15 گرام پڕۆتین بۆ هەر کیلۆیەک لە بارستایی لەش“ پێویستە. واتا ئەگەر کەسێک کێشی 80 کیلۆگرام بێت، لە هەر ژەمێکدا 20 گرام پڕۆتینی پێویستە. ئەم پێوەرە ستانداردە بۆ کەسانێکە کە هیچ گرفتێکی تەندروستییان نییە، بۆ ئەوانەی گیرۆدەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانن، پێویستە بەگوێرەی رێنمایی پزیشک سیستەمێکی تایبەت پەیڕەوبکەن. هەڵبەت پێویستیی پڕۆتین لەنێوان گەنجان و بەساڵاچوواندا جیاوازە. بەساڵاچووان پێویستیان بە وەرگرتنی بڕێکی زیاتر لە پرۆتین هەیە، تاوەکو ماسولکەکانیان بە تەندروستیی بمێنێتەوە. گرنگە لەوە تێبگەین کە وەرگرتنی پڕۆتین بە بڕێک کە زیاتربێت لە پێویستییەکانی لەش، هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە گەشەکردنی ماسولەکەکاندا نابێت.“
ئایا دروستکردنی ماسولکەکان کارێکی ئاسانە، چەند کاتی پێویستە؟
میر محەمەد، راهێنەری لەشڕێکی، لەم بارەیەوە بە کەناڵ8ـی گوت: ”لەڕاستیدا بونیادنانی ماسولکەکان کارێکی تا رادەیەک ئاسانە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی تازە دەستپێدەکەن. ئەگەر لە هەر هەفتەیەکدا تەنیا دووجار کۆمەڵێک راهێنانی دیاریکراو بە ماسولکەیەک بکەیت، بە مەرجێک راهێنانەکە دروستبێت، دەکرێت گۆڕانکاری لە قەبارە و هێزی ماسولکەکەدا دروستببێت.“
خۆگەرمکردن گرنگە؟
ڕاهێنەرەکە لەم بارەیەوە گوتی: ”یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی راهێنانکردن، خۆگەرمکردنە. بەگشتی خۆگەرمکردن دابەشدەکرێت بەسەر دووجۆردا: خۆگەرمکردنی گشتی و تایبەتی. خۆگەرمکردنی گشتیی، مەبەست لێی خۆئامادەکردنە بۆ راهێنان، بەڵام خۆگەرمکردنی تایبەتیی خۆی دەبینێتەوە لە ئامادەکردنی ماسولکەیەک بۆ هەڵگرتنی بارستاییەکی زۆر. خۆگەرمکردنی تایبەتیی بە ئامانجی پاراستنی ماسولکەکە لە تێکشکان و پچڕانی لەناکاو ئەنجامدەدرێت؛ قۆناغ بە قۆناغ قورسایی سەر ماسولکەکە زیاتر دەکرێت.“
لەنێوان سێتەکانی یاریکردندا پشوو پێویستە؟
ماوەی پشوو لەنێوان سێتەکاندا گرنگییەکی بەرچاوی لە چۆنییەتی بونیادنانی ماسولکەکاندا هەیە. ئەگەر ئامانجی یاریکردن بریتیبێت لە دروستکردنی ماسولکەکان و زیادکردنی هێز و توانایان، لەم رووەوە تێگەیشتن لە ماوەی پشووی نێوان سێتەکان، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەنجامەکان دەبێت. وەرگرتنی پشووی پێویست، وا دەکات دووبارە وزەی پێویست بۆ ماسولکەکان بگەڕێتەوە کە هاریکاریی درێژەدان بە پڕۆسەی راهێنانکردن دەکات.
سەبارەت بەم پرسە، میر محەمەد قسەی زیاتری لەم بارەیەوە هەبوو: ”گرنگە بە درێژایی سەرجەم راهێنانەکان، توانا جەستەییەکانی کەسەکە وەکو خۆی بمێنێتەوە. بۆیە بەگوێرەی یاری و سێتەکان، پێویستە پشوو وەربگیرێت، ماوەی پشووەکەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە و لە یارییەکەوە بۆ یارییەکی دیکە دەگۆڕیت. دەتوانیت بەگوێرەی لێدانی دڵت بڕیار لەبارەی ماوەی پشووەکەوە بدرێت؛ هەرکات هەستکرا لێدانی دڵ تاڕاددەیەک ئاساییبووەتەوە و توانای ئەنجامدانی سێتی دواترمان هەیە، ئەو ساتە دەتوانین دەستپێبکەینەوە.“
پێویستە لە هەفتەیەکدا چەند جار راهێنان بکرێت؟
دروستکردنی ماسولکەکان لە رێگەی ئەنجامدانی راهێنانەوە، پێویستی بە تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی تەواو هەیە. بەدەستهێنانی گەشەی پێویستی ماسولکەکان، تەنیا پێویستی بە راهێنانی قورس نییە، بەڵکو تیگەیشتنیشە لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی راهێنانکردن، لەوانەش ژمارەی راهێنانی ئەنجامدراو لە هەر هەفتەیەکدا. دۆزینەوەی هاوسەنگییەکی تەواو بۆ ئەم پرسە، زۆر گرنگە بۆ گەشەیەکی ئاسایی ماسولکەکان، هاوکات دەبێتەهۆی رێگریکردن لە تووشبوون بە پچڕان و برینداربوونی ماسولکە بەهۆی ئەنجامدانی راهێنانێکی قورس و بەردەوامەوە. واتا دەبێت ژمارەی راهێنانەکان لە هەفتەیەکدا، بە جۆرێک رێکبخرێت کە هاریکاریی نوێبوونەوە و خۆگونجاندنی ماسولکەکان لەگەڵ بارودۆخە نوێکەدا بکات. بەگوێرەی بۆچوونی راهێنەرەکە، ”وەڵامی ئەم پرسیارە پشتدەبەستێت بە ئامانج و توانای کەسەکە. کەمترین جار کە بتوانین راهێنان بکەین، بەڵام کاریگەرییەکی تائەندازەیەک باشی لەسەر ماسولکەکانمان هەبێت، لە هەفتەیەکدا دوو جارە. هەڵبەت ئەم جۆرە راهێنانە کاتێکی زیاتری پێویستە بۆ بونیادنانی ماسولەکەکان بەراورد بە کەسێک کە هەفتانە زیاتر راهێنان ئەنجامدەدات.“
ماوەی چەند لە هۆڵی راهێناندا بمێنینەوە؟
"هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، بەڵام نابێت بە جۆرێکی هێندە قورس راهێنان ئەنجامبدرێت کە "کەسەکە توانای نەبێت رۆژی دواتر دووبارە راهێنانی ئاسایی ئەنجامبداتەوە و درێژە بە پڕۆسەکە بدات.
تەواوکەرە خۆراکییەکان پێویستن؟
وەک لە پێشتردا باسکرا دەشێت لەڕێگەی بەرنامەی خۆراکیی رۆژانەوە بڕی پێویست لە پڕۆتینەکانمان دەستبکەوێت. لەم کاتەدا پێویستمان بە تەواوکەرەکان نابێت، بەڵام ئەگەر نەتوانین لەم رێگەیەوە بڕی پێویست لە پڕۆتینمان دەستبکەوێت، ئەو کاتە دەشێت پەنا بۆ تەواوکەرە پڕۆتینییەکان ببەین. گرنگە بژاردەیەکی پڕۆتینیی گونجاومان هەبێت و دڵنیابین لە کوالێتی و ئاستی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری تەواوکەرە پڕۆتینییەکە.
هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن
لە لەشی هەموو کەسێکدا بە سروشتی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن هەیە. لێرەدا تیشکدەخەینە سەر کار و فرمانی ئەم هۆرمۆنە لە پیاواندا. لە مێشکی مرۆڤدا رژێنێکی تایبەت هەیە کە بە ”ژێرمێشکە رژێن“ ناسراوە. ئەم رژێنە بەرپرسیارە لە رێکخستنی ئاستی هۆرمۆنەکان لە لەشدا. هەڵبەت ئاستی هۆرمۆنی تیستۆستیرۆنیش لەلایەن ئەم ناوەندەوە جڵەودەکرێت. زیادبوونی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە پیاواندا، دەبێتەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی باڵغبوون: زیادبوونی گەشەی ماسولکەکان، مووەکانی لەش، قەبارەی ئێسکەکان و گڕبوونی دەنگ. ئەمانە کاریگەرییە ئەرێنییە سروشتییەکانی هۆرمۆنەکەیە.
ئایا دەرزی هۆرمۆنیی دەستکرد بەکارهێنانی پزیشکیی هەیە؟
هەندێک کەس گرفتیان لە کاروچالاکی ژێرمێشکەڕژێندا هەیە کە بەو هۆیەوە بڕی پێوست لە هۆرۆمۆنی تێستۆستیرۆن لە لەشیاندا بەرهەمناهێنرێت. لەم بارودۆخەدا پێویستە ئەم هۆرمۆنە بە شێوەیەکی دەرەکی، لەڕێگەی دەرزی، جێڵ، یاخود حەبەوە بدرێت بە کەسی چارەخواز. بەدەر لەمە، دەرزی هۆرمۆنی چەندین بەکارهێنانی پزیشکیی دیکەی هەیە.
بەکارهێنانی هۆرمۆنە دەستکردەکان بۆ گەورەکردنی ماسولەکەکان ئاساییە؟
دکتۆر دیلمان عەتار، پسپۆڕی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان، لە دیمانەی کەناڵ8ـدا بەم جۆرە وەڵامیدایەوە: ”ئەو هۆرمۆنەی لە هۆڵەکانی لەشجوانیدا دەفرۆشرێن، بەکارهێنەران بە رێژەیەکی زۆر بەرز بەکاریدەهێنن، چونکە یاریزانەکان دەیانەوێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ماسولکەکانیان گەورەبکەن کە ئەمە خۆی لەخۆیدا هەڵەیەکی مەترسیدارە. لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم هەڵەبەکارهێنانە بریتییە لەوەی کە وا لە ژێرمێشکەڕژێن دەکات فرمانی ئاسایی خۆی لەدەستبدات و چیدی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن بە بڕی پێویست بەرهەمنەهێنێت. لەلایەکی دیکەشەوە گەشەی نائاسایی و لەناکاوی ماسولکەکان دەبێتەهۆی ئەوەی ماسولکەکان قەبارەیەکی گەورە و توانایەکی کەمیان هەبێت، هەڵبەت ئەم گۆڕانە نائاساییە دەکرێت سەربکێشێت بۆ پچڕانی ماسولکەکان.
”بە کورتی، بەکارهێنانی هۆرمۆن لەخۆوە و بەبێ رێنمایی پزیشک بۆ حاڵەتی ناپێویست، دەبێتەهۆی دەرکەوتنی کۆمەڵێک نیشانەی سەرەتایی، لەوانەش قژڕووتانەوە، دەمارگیری و کۆمەڵێک نیشانەی دیکە. دەشێت هۆرمۆنە دەستکردەکە کاریگەرییەکی دوورمەوداش لەسەر کەسەکە بەجێبهێڵێت؛ رەنگە ببێتەهۆی نەزۆکی و سستیی دڵ. لەڕاستیدا مەبەست لە چوون بۆ هۆڵی لەشجوانی، بوونی جەستەیەکی رێک و تەندروستە. هەر بۆیە لەم دیدەوە پێویستە لە دەرزییە هۆرمۆنییەکان دووربکەوینەوە.“