کەی فیلمەکەی سێلین دیۆن نمایشدەکرێت؟

ئەو بەڵگەفیلمەی لەبارەی ژیانی سێلین دیۆن، خانمە هونەرمەندی بەناوبانگی جیهانییەوە بەرهەم هاتووە، وابڕیارە لە رۆژی 25ـی ئەم مانگەدا بۆیەکەم نمایشبکرێت.

دیۆن لەوبارەیەوە گوتوویەتی، لەو کاتەی کە دەرکەوت تووشی نەخۆشی ستیڤ پێرسن سێندرم بووە، سەرقاڵی وێنەگرتنی بەڵگەفیلمێک بووە لەبارەی ژیانییەوە، دوای نەخۆشکەوتنیشی بەردەوام بووە لە وێنەگرتنی گەشتەکەی.

نەخۆشی ستیڤ پێرسن سێندرم، نەخۆشییەکی تێكچوونی سیستمی بەرگریی دەگمەنە، لە هەر ملیۆنێک کەسدا کەسێک بۆ دوو کەس تووشی دەبن، کاتێک لە دیۆن پرسیار کرا کە ئایا هەست بە بەدبەختی دەکات بەهۆی تووشبوونی بەو حاڵەتە، گوتوویەتی، "دەمتوانی ئەو رێگەیە بگرم و بڵێم کە من بەجدی لە ژیانمدا کارم کردووە و هەموو شتێکم کردووە کە پزیشکەکان دەیڵێن، بەڵام ئەوەم نەکرد و وەستام و لەخۆمم پرسی کە ئایا ئەمە واملێدەکات هەست بە باشتر بکەم؟ ئایا هیچ شتێک چاکدەکات؟ ئەوە چی بە من دەبەخشێت کە لە خۆم بپرسم بۆچی من؟ لەجیاتی ئەوەی کە ژیانم بژیم؟، بۆیە بڕیارمدا کە ژیانم بژیم".

سێلین ماری کلۆدێت دیۆن، ساڵی 1968 لە کبیک لەدایکبووە، خانمە هونەرمەندێکی کەنەدییە، بە شاژنی گۆرانییە بەهێزەکان ناسراوە، بە دەنگی بەهێز و تواناکانی ناوبانگی دەرکردووە، تاوەکو ئێستاش بە یەکێک لە هونەرمەندە پڕفرۆشەکان و لە باشترین گۆرانیبێژەکان دادەنرێت.

کۆتا جار کە سێلین دیۆن توانیویەتی کۆنسێرت بکات، مانگی ئازاری ساڵی 2020 بوو لە شاری نیوارک لە رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، دوای ئەوەش گەشتە جیهانییەکەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19ـەوە وەستا، لە ساڵی 2021ـشدا نیشانەکانی نەخۆشییە دەگمەنەکەی لێدەرکەوت.