ویڵیام ییتس.. هەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی ئەدەبیاتی ئێرلەندی

ویڵیام بەتڵەر ییتس، براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات، رێکەوتی 13ی حوزەیرانی 1865 لە شاری دوبلنی وڵاتی ئێرلەندا لەدایکبووە.
لە سایەی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات و لە گۆشەنیگای رەخنەگرانی ئەدەبدا، ویڵیام ییتس خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندە لە بیرۆکە شیعرییەکان، هەمیشە توانیویەتی کاریگەریی لەڕێگەی بەرهەمەکانیەوە دروستبکات، خاوەنی فۆرمێکی باڵای هونەریی بوون کە توانیویانە پێکڕا هەستی راستەقینەی نەتەوەیەک نیشانبدەن.

ویڵیام بەتڵەر ییتس، لە خێزانێکی هونەرییدا پەروەردە بووە، هاوینان بەشێوەیەکی گەورە لە سرووشتی شاری دوبلن نزیکبووەتەوە و رۆحی تێکەڵی ژینگەی سرووشتیی بووە، ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دروستکردووە بۆ بوون بە شاعیرێکی بەرەوپێشچوو و پێگەیشتووە، لەڕێگەی ئەزموونکردنی عیرفانیەت، سیمبولیزم، رۆحگەرایی و زانستی پیشەسازییەوە، پاشخانێکی دەوڵەمەندی پەیداکردووە بۆ گوزارشتکردن لە هەستە راستەقینەکان.
ییتس، کارێکی گەورەی لەسەر فۆلکلۆر و بەها و نەریتەکان کردووە، بەمەش بووە بە پایەیەکی گەورەی ئەدەبیاتی ئێرلەندیی و رێگەخۆشکەر بووە بۆ دامەزراندنی رەوتی رێنەسانسی ئەدەبیی وڵاتەکە.

ساڵی 1887 ساڵی یەکەم دەرکەوتنی ییتس بووە وەکو شاعیر، بەڵام لە قۆناغی سەرەتای دەرکەوتنیدا، بەرهەمهێنانی درامیی سەنگ و قورساییەکی گەورەتریان هەبووە بەراورد بە کارە شیعرییەکانی، هاوتای لەیدی گریگۆری، دامەزرێنەری شانۆی ئێرلەندیی بووە، کە ناوەڕۆکی شانۆییەکانی سەبارەت بە داستان و رۆحگەرایی و عیرفانییەتی ئێرلەندیی بووە، پاش ساڵی 1910، شیعرەکانی رەوتێکی تاقیکاریی و شاعیرانە دەگرنە بەر و رەگەزی نوێیان تێدا دۆزراوەتەوەم لەوانە ماسک و سەما و موزیک، کە پێکڕا کاریگەر بوون بە شانۆی نەریتیی "نۆ"ی ژاپۆنی، ییتس لەماوەی کۆتا 20 ساڵی ژیانیدا، تێکڕای کاتەکانی خۆی بۆ شیعر تەرخان کردووە و وەکو یەکێک لە مەزنترین شاعیرەکانی ئێرلەندا ناوی تۆمارکراوە.
لەماوەی 74 ساڵی ژیانیدا توانیویەتی زیاتر لە 30 کۆمەڵە شیعریی بڵاوبکاتەوە، لە دیارترینی بەرهەمەکانی بریتین لە:
The Song of Wandering Aengus
The Second Coming
Sailing to Byzantium
Leda and the Swan