پاداشتە داراییەکانی یۆرۆ بۆ هەڵبژاردەکان بزانە..

پاڵەوانییەتی یۆرۆی 2024 لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێت یەکێک بێت لە باشترین و بەهێزترین وەشانی مێژووی پاڵەوانییەتیەکە.
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا سیستەمێکی تایبەت بەشێوازی دابەشکردنی شایستە داراییەکان دیاریکردووە بۆ دابەشکردنی بەسەر هەڵبژاردە بەشداربووەکانی یۆرۆی 2024، پاڵەوانییەتیەکە لە 14ی ئەم مانگە لە ئەڵمانیا بە یاریی نێوان هەڵبژاردەی ئەڵمانیای میواندار و سکۆتلەندا دەستپێدەکات و تاوەکو 14ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
تێکڕای شایستە داراییەکانی پاڵەوانییەتیەکە 331 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، کە هەمان بڕە لە پاڵەوانییەتی یۆرۆی 2020 لەلایەن یوفاوە تەرخانکرا، هەر هەڵبژاردەیەکی بەشداربوو لە یۆرۆی ئەمساڵ، کە ژمارەیان 24 هەڵبژاردەیە نۆ ملیۆن و 250 هەزار یۆرۆ وەردەگرن، بەرامبەر هەر بردنەوەیەک ملیۆنێکی دیکە و بەرامبەر هەر یەکسانبوونێک 500 هەزار یۆرۆ خەڵات دەکرێن.
تایبەت بەو هەڵبژاردانەی دەگەنە قۆناغی 16 هەریەکەیان یەک ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ وەردەگرن، هەروەها لە قۆناغی چارەکی کۆتایی بڕی خەڵاتەکە بەرزدەبێتەوە بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ، هەروەها خاوەنی چوار بلیتەکەی قۆناغی پێش کۆتایی چوار ملیۆن یۆرۆ پاداشتەکەیان دەبێت.
یاریی کۆتایی پاڵەوانییەتیەکە پشکی شێری شایستە داراییەکان لەخۆدەگرێت، کە تیایدا خاوەنی پلەی دووەم پێنج ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و هەڵگری ناسناوەکەش بە هەشت ملیۆن یۆرۆ خەڵات دەکرێت.
زۆرترین بڕی شایستەی دارایی، کە پاڵەوانی یۆرۆی 2024 دەتوانێت بەدەستیبهێنێت، 28 ملیۆن و 250 هەزار یۆرۆ دەبێت، ئەگەر هەر سێ یارییەکەی قۆناغی کۆمەڵەکان بباتەوە.