ئارایشتگەیەک لە ئیندۆنیزیا مەساجی مانگاکان دەکات بەر لەوەی بکرێن بە قوربانی

لەناو ئارایشتگەی مەساجکردنی مانگاکان لە جاکرتای ئیندۆنیزیا، مانگاکان مەساجدەکرێن و خزمەت دەکرێن، بۆئەوەی بە باشترین شێوە وەک قوربانیی جەژنی قوربان پێشکەشیان بکەن.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، شێوازی مەساجکردنی مانگاکان تایبەتە، ئەوانەی کارەکە دەکەن بە دەست دەکێشن بە مانگاکاندا بۆئەوەی بحەوێنەوە.

لە ئارایشتگەکەشدا ئەم کارە تەنها لەلایەن دوو کەسەوە دەکرێن، کە شارەزان لە بوارەکەدا، ئەوان بە جۆرێک لە مانگاکان دەدەن کە وادەردەکەوێت بە تووندی بێت، بەڵام مانگاکان متمانەیان پێیانە و بەو جۆرە هەست بە حەوانەوە دەکەن.
بە وتەی ئەو کەسانەی مەساجەکە دەکەن، ئەگەر جگە لە ئەوان کەسێکی دیکە ئەو کارە بکات، ئەوا مانگاکان تووڕە دەبن و هەست بە توندوتیژی دەکەن.
هەر لەم ئارایشتگەیەدا، تێکەڵەیەکی تایبەت بە پێستی مانگاکان ئامادە دەکرێت، دەدرێت لەو مانگایانەی کە وادەردەکەوێت دۆخیان خراپە، بۆئەوەی زووتر چاکببێتەوە بەر لەوەی بکرێت بە قوربانیی.
ئەو مانگایانەی کە دەکرێن بە قوربانی جەژنی قوربان، دەبێت لە تەمەنی دوو ساڵیدا بن، تەندروستییەکی باشیان هەبێت و لە باشترین دۆخدا بن.