پسپۆڕێک باس لە نیشانە مەترسیدارەکانی سەرئێشە دەکات

د. دیار نەجیب، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار

د. دیار نەجیب، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 باسی لە جۆرەکانی سەرئێشە و شەقیقە کرد و سەرەکیترین هۆکار و چارەسەرەکانی خستەڕوو.

د. دیار سەرەتا گوتی کە دەکرێت سەرئێشە هەم نیشانەی نەخۆشی بێت، هەم خودی خۆشی نەخۆشی بێت؛ "سەرچاوە زانستییەکان دەڵێن 90%ـی خەڵک سەرئێشەیان هەیە و لەم رێژەیەش 90%ـیان هۆکاری سەرئێشەکە مێشک نییە، بەڵکو گرفتێکی دیکەیە لە جەستەدا، وەکو تا، هەوکردن، سکچوون یان کەمخەوی". سەبارەت بە هۆکارە مێشکییەکانی سەرئێشەش، د. دیار نەجیب گوتی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان شەقیقەیە و هەردوو رەگەز تووشی ئەم گرفتە دەبن "بەڵام لە رەگەزی مێدا گرفتەکە سێ هێندە زیاترە".

پسپۆڕەکە گوتی ئەو سەرئێشانەی پەیوەندییان بە گرفتێکی مێشکییەوە هەیە، بۆ نموونە شەقیقە، زۆرجار کەسی تووشبوو ناتوانێت بەتەواوی شوێنی ئازارەکە دیاریبکات؛ "ئەگەر توانی دیاریبکات ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە هۆکاری گرفتەکە بۆ دەرەوەی مێشک دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە هەوکردنی گیرفانەکانی لووت دەبێتەهۆی ئازاری لووت و ناوچاو، چاوکزی لەوانەیە ببێتەهۆی ئازاری پشت چاوەکان، سەوەفانی جومگەکانی بڕبڕەی مل دەکرێت ئازاری پشتەسەر دروستبکات و هەوکردنی گوێی ناوەڕاست هۆکارێکی ئازاری گوێیە".

هەموو سەرئێشەیەک مەترسیدارە؟

د. دیار باسی لە هەندێک نیشانەی سەرئێشە کرد کە وەکو زەنگی ئاگادارکەرەوە وان بۆ دیاریکردنی گرفتە مەترسیدارەکانی مێشک و دەمار و گوتی "کۆمەڵێک نیشانە هەن کە پێمان دەڵێن سەرئێشەکە بێزیانە یان مەترسیدارە"، نیشانەکانیش ئەمانەی خوارەوە بوون:

  • ژانەسەرێکی توند و زوو دەستپێبکات
  • لە دوو کۆتاییەکانی تەمەندا، زۆر منداڵ و زۆر بەساڵاچوو
  • شێوازەکەی بگۆڕێت، بۆ نموونە لە سەرەتاوە لایەکە دوایی هەموو سەر دەگرێتەوە
  • گرفتێکی دیکە دروستبکات، بۆ نموونە لاوازیی بەشێکی جەستە یان گۆڕانکاری لە بیناییدا دروستبکات
  • کەسەکە لە خەو خەبەربکاتەوە

پسپۆڕەکە جەختی لەوە کردووە کە هەر سەرئێشەیەک کاریگەریی لەسەر ژیانی رۆژانە هەبوو دەبێت زوو بەدواداچوونی بۆ بکرێت و سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.

مەرجە شەقیقە سەرئێشەی لەگەڵدابێت؟

د. دیار گوتی هەڵەتێگەیشتنێکی باو سەبارەت بە شەقیقە ئەوەیە کە خەڵکی وادەزانن هەموو شەقیقەیەک دەبێت سەرئێشەی لەگەڵبێت و هەربۆیە پێی دەگوترێت 'لاسەرئێشە'؛ "بەڵام هەندێک جۆری شەقیقە هەن کە سەرئێشەیان لەگەڵدا نییە و ماوەماوە دێن و دەچن، دەکرێت ئەم جۆرانەی شەقیقە لە منداڵاندا لەشێوەی ژانەسک دەربکەون، یان لە گەوراندا شەقیقەی تۆڕەی چاو هەیە کە کاریگەریی لەسەر بینین هەیە، جۆرێکی دیکەی شەقیقە لەناو رەگی مێشکدایە و کاریگەریی لەسەر بینین، بیستن و تامی کەسەکە دروستدەکات".

چارەسەرەکانی سەرئێشە چین؟

د. دیار نەجیب گوتی سەرئێشە کۆمەڵێک چارەسەری هەیە و سەرەکیترینیان بریتین لە: پابەندبوون بە شێوازێکی ژیانی تەندروستانە، ئازارشکێن و دەرمانی رێگریکردن لە شەقیقە، دووربوون لەو هۆکارانەی دەبنەهۆی سەرئێشە لە کەسەکەدا، لەگەڵ هەندێک چارەسەری نوێی وەکو بۆتۆکس.

سەرەتا پسپۆڕەکە باسی لە حەبی ئازارشکێن کرد و گوتی، "پاراسیتۆڵ یەکێکە لەو دەرمانانەی زۆر بەکاردەهێنرێت، ئەگەر کەسەکە گرفتی جگەر و هەستەوەریی بە دەرمانەکە نەبێت، دەتوانێت رۆژانە دوو بۆ سێ دەنکۆڵە بخوات". سەبارەت بە ئازارشکێنە بەهێزەکان پسپۆڕەکە گوتی باشترە چارەخوازان لێیان دووربن چونکە زۆرینەیان وادەکەن جەستە و مێشک کەمتر بەرگەی ئازار بگرن؛ "تاوەکو جەستە زیاتر لەسەر ئازار رابهێنین کەمتر پێویستمان بە ئازارشکێن دەبێت، هەربۆیە هەندێک چارەسەر هەن کە کار لەسەر راهێنانی مێشک دەکەن، وەکو مێدیتەیشن، یۆگا، پەرستش و وەرزشکردن".

د. دیار گوتی گرنگترین هەنگاو لە چارەسەرکردنی شەقیقەدا رێگریکردنە لەو هۆکارانەی کەسەکە تووشی شەقیقە دەکەن، بۆ نموونە دووکەڵی جگەرە، قاوەخواردنەوە و کەمخەوی؛ "شەقیقە چارەسەری بنەبڕکەری نییە، بۆیە دەبێت چارەخوازان دەبێت لە نەخۆشییەکە تێبگەن بۆ ئەوەی فێربن لەگەڵیدا بژین".

پسپۆڕەکەی مێشک و دەمار گوتی ئەوانەی شەقیقەیان هەیە مەترسییان زیاترە تووشی جەڵتەی مێشک ببن، هەربۆیە لەم کەسانەدا زووتر دەست بەو چارەسەرانە دەکرێن  کە رێگری لە جەڵتەی مێشك دەکەن.