پسپۆڕێک: چڕیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دەوروبەر زیاترە

test
د. ساڵح نەجی، پسپۆڕی ژینگە

گۆڕانکارییە ژینگەییەکان کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر جیهان دروستکردووە. رێکخراوەکانی بواری ژینگە بەردەوام هۆشداری لەبارەی بارودۆخی ژینگەییەوە دەدەن و داوای ئاوڕدانەوەی بەپەلە لەم پرسە دەکەن، بە مەبەستی پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان.

عێراق و کوردستان بەگشتی ناوچەیەکی هەرستیارن سەبارەت بە پرسی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو. بەشی زۆری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دەرەوە سەرچاوەدەگرن کە دەشێت لە ماوەکانی داهاتوودا سنووردارببن. هاوکات دانیشتووانی عێراق و کوردستان رۆژ لەدوای رۆژ لە زیادبووندان. خاکی عێراق و کوردستان بە تێپەڕبوونی کات بەرەو بەبیابانبوون هەنگاو دەنێت. ئەگەر بە دید و بۆچوونێکی نوێوە مەمەڵە لەگەڵ بارودۆخی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاودا نەکرێت، دەشێت سەرجەم ئەم گرفتانە قەیرانی مرۆیی گەورە دروستبکەن و لە کۆتاییدا مەترسی لەسەر گیانی هاوڵاتییانی ناوچەکە دروستبکەن.

دکتۆر ساڵح نەجیب، پسپۆری زانستە ژینگەییەکان، بە کەناڵ8ـی راگەیاند: ”نزیکەی لە %29ـی زەویی عێراق بیابانە و بۆ کشتوکاڵ گونجاو نییە.لە %30ـی خاکەکەشی، ئەوەی بەکەڵکی کشتوکاڵ دێت، وا خەریکە دەبێت بە بیابان.کوردستانیش هەمان مەترسی بەبیابانبوونی لەسەرە. رێژەی ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر، لە ماوەکانی رابردوودا چەند سەد مەترێک دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. لە هەر ناوچەیەکی کوردستاندا لێکۆڵێنەوە بکرێت، دەبینن بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی گۆڕانە ژینگەییەکان دەرکەوتووە، بەڵام بە فۆڕم و شێوەی جیاواز. لە کۆتاییدا سەرجەمیان دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک و دروستبوونی قەیرانی ئاو.“

”پێویستە لە سۆنگەی کەمکردنەوەی گرفتەکانەوە، ژمارەی ئەندامانی خێزان سنووردار بکرێت، چونکە لەم ناوچەیە چەندین قەیرانی ژینگەیی بوونی هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی تاک. چڕیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ئێران و تورکیا زۆر زیاترە. چڕیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان، بۆ هەر کیلۆمەترێک 170 کەسە، بەڵام لە وڵاتی ئێران تەنها 70 کەسە. تەنانەت چڕیی دانیشتووانی عێراقیش زۆر کەمترە لە کوردستان. گرنگە لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕێکی جددی لەم پرسە بدەنەوە و چارەسەر پێویست بدۆزنەوە.“

”بە بۆچوونی من، گرنگە بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە سروشتییە خاوێنەکان، بە دیاریکراوی وزەی خۆر وەکو سەرچاوەیەکی وزەی سروشتیی بەکاربهێنین، یاخود کەڵک لە وزەی با و چەندین سەرچاوەی تر وەربگرین بۆ کارپێکردنی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکان، بۆ ئەوەی رێگری لە پیسبوونی ژینگەی کوردستان و ناوچەکە بکەین. ئەگەر لە رەهەندێکی دیکەشەوە لەم پرسە بڕوانین، دەبینین سەرچاوەکانی وەک نەوت و گاز لە کەمبوونەوەدان. بە تێپەڕبوونی کات و پاش  سەدان ساڵ، کۆتایی بەم سەرچاوانەش دێت، بۆیە کارکردن لەسەر سەرچاوە سروشتی و خاوێنەکان، پێویستییەکی گرنگە بۆ بارودۆخی ئێستای جیهان.“

”ئاوڕدانەوە لەم گرفتە هەنووکەییانە و هەوڵدان بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی ئەرێنی، دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان لەسەر تەندروستی تاک. بێگومان ئەگەر بە پێچەوانەشەوە بێت و پەڕاوێزبخرێت، گرفتی تەندروستیی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی هاونیشتیمانییان دروستدەکات و دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر.“