رەشۆڵ.. لە سایەی پاراستنی مەقامە کوردییەکاندا

رەشید حاجی عەبدوڵا میرزا عەزیز، ناسراو بە رەشۆڵ، هونەرمەندێکی دیار و نوسراوی کوردستانە، خاوەنی دەنگێکی بەسۆز و کاریگەر بووە، رێکەوتی 14ی حوزەیرانی 1974 کۆچی دوایی کردووە.
رەشۆڵ. ساڵی 1912 لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە، سەر بە بنەماڵەیەکی دیاری سلێمانیی بووە و باوکی بازرگان بووە و لەنێوان کوردستان و شارەکانی رووسیا کاری کردووە، لە سەردەمی لاوێتییەوە تێکەڵاوی جیهانی هونەر و گۆرانیی بووە و ئاشنایەتیی لەگەڵ مەقام پەیداکردووە.

بیستەکانی سەدەی رابردوو، هاوشانی مەلا کەریمی هونەرمەند و عومەر قەزازی بریکاری قەوان لە سلێمانی، روویان لە شاری بەغداد کردووە و چەند گۆرانییەکیان لەسەر قەوان تۆمارکردووە، قۆناغی بەناوبانگبوونیشی وەکو مەقامبێژ، دەگەڕێتەوە بۆ کردنەوەی ئێزگەی کوردیی بەغداد و لەڕێگەی پێشکەشکردنی بەرهەمەکانییەوە لەم ئێزگەیەدا، ناسراوە و ناوبانگی پەیداکردووە.
رەشۆڵ بە هونەرەکەی نەژیاوە، کاری کردووە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی، وێڕای کارکردنی بەردەوام، کاری لەسەر بەرەوپێشچوونی هونەریی کردووە و شارەزاییەکی گەورەی لە مەقاماتەکان هەبووە، لەوانە: ئەفشار، دەشت، قەتار و خاوکەری بەباشیی زانیوە.
هاوتای خۆتەرخانکردنی بۆ هونەر، کوردپەروەر بووە و خەمخۆری نیشتمان بووە، بەشداریی لە راپەڕین و شۆڕشەکانی کورد کردووە و لە ریزی شۆڕشی ئەیلوولدا پێشمەرگە بووە.

لە دیارترین گۆرانییەکانی رەشۆڵ بریتین لە:
ئۆخەی گردەکەی یارە
لە دەریاوە
ناسکە دولبەر
ئاگر بارانە
گوڵاڵە سوورە
رێکەوتی 14ی حوزەیرانی 1974، پاش نەخۆشکەوتن و خراپبوونی دۆخی تەندروستی، لە تەمەنی 62 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە و لە دەڤەری چۆمان و حاجی ئۆمەران بەخاک سپێردراوە.