بۆرخیس.. لە خەونی هەزار و یەک شەوەدا

خۆرخی لویس بۆرخیس، یەکێکە لە دیارترین ناوە ئەدەبییەکانی جیهان، نووسەر، شاعیر و رەخنەگرێکی دیاری سەدەی بیستەم بووە، رێکەوتی 14ی حوزەیرانی 1986، لە تەمەنی 86 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە.
بۆرخیس قۆناغی یەکەمی ژیانی بە بڵاوکردنەوەی هۆنراوە و وتارە ئەدەبییەکان بەسەر بردووە، ئەم نووسەرە گەورەیە، رێکەوتی 24ی ئابی 1899، لە پایتەختی ئەرجەنتین لەدایکبووە، یەکەم کۆمەڵە هۆنراوەی خۆی بە ناونیشانی "گڕوتینێک لە بۆینس ئایرسەوە" بڵاوکردووەتەوە، وێڕای دژایەتیکردنی بەردەوام، سەرکەوتوو بووە بە برەودانی توانا ئەدەبییەکانی و وەکو نووسەری کورتە چیرۆک و هۆنراوە ناوی دەرکردووە.

ئەم نووسەرە، داواکاریی بەردەوامی بۆ دیموکراسییەت بووە، دژایەتییەکی گەورەی دیکتاتۆرییەتی کردووە، لەمیانی ژیانیدا دووچاری چەندین زەبری دەروونی گەورە بووەتەوە، لەوانە بیستنی هەواڵی مەرگی باوکی و لاوازبوونی بینایی.
سەرکەوتنی بۆرخیس بەردەوام بووە لە بواری ئەکادیمیا و نووسیندا، وەکو نووسەر و وانەبێژی زمانی ئینگلیزی و ئەدەبی ئەمریکی، لە کۆمەڵەی ئەرجەنتینی بۆ رۆشنبیریی و ئینگلیزیی کاری کردووە، ساڵی 1956 یەکەم دکتۆرای فەخری لە زانکۆی "کۆبۆ" بەدەستهێناوە و وەکو مامۆستای ئەدەب لە زانکۆی بۆینس ئایرس کاری کردووە، وێڕای لاوازیی بینایی، لە جیهانی ئەدەب دانەبڕاوە و دایکی هاوکاری بووە لە خوێندنەوە و نووسیندا.
بۆرخیس لە ئاستی جیهانییشدا ناوێکی ناسراو بووە، ساڵی 1961 خەڵاتی فۆرمەنتەریی بە هاوبەشیی لەگەڵ ساموێل بیکێت وەرگرتووە، حکومەتی ئیتاڵیاش نازناوی سەرکردەی پێبەخشیوە و لە زانکۆی تێکساسی ئەمریکا وەکو بەرپرسی کارگێڕیی دامەزراوە، شاژنە ئیلیزابێسی دووەمی شانشینە یەکگرتووەکانیش، مەدالیای ئیمپراتۆریەتی بەریتانیای پێبەخشیوە.

وێڕای نووسین و ئەدەبیات، بۆرخیس خولیایەکی گەورەی بۆ خوێندنەوەی ئەفسانە، بیرکاری، زانستی لاهووت و فەلسەفە هەبووە، وەرگێڕانەکانی لە ئاستی زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئەڵمانیی بووە.
لە دیارترین کارەکانی بۆرخیس بریتین لە:
Fictions 1944
The Library of Babel 1941
The Aleph 1945
The Garden of Forking Paths 1941