پسپۆڕێک: گرفتی هەناسەدان کاریگەری لەسەر گەشە و شێوازی دەموچاوی منداڵ دادەنێت

د. پشدەر عەبدوڵا - پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

کۆئەندامی هەناسە یەکێکە لە گرنگترین کۆئەندامەکانی لەش، ناوەندی بەرپرسیارە لە هەناسەدان کە پێکدێت لە دەم، لوت، سییەکان، بۆری هەوا، سیکڵدانۆچکەی هەوا و کۆمەڵێک بەشی دیکە. فرمانی سەرەکیی کۆئەندامی هەناسە بریتییەلە ئاڵوگۆڕکردنی ئۆکسجین و دوانەئۆکسیدی کاربۆن.

بەگوێرەی بەڵگە زانستییەکان، کۆئەندامی هەناسە پەیوەندییەکی پتەوی بە گەشەی منداڵەوە هەیە. توێژەران باوەڕیان وایە گرفتە ماوەدرێژەکانی کۆئەندامی هەناسە دەبنەهۆی دواخستنی گەشەی منداڵ. دەشێت گرفتەکان هۆکاربن بۆ خەوی پچرپچڕ و کورتمەودا. ئەمەش وا دەکات سووڕی خەوی منداڵەکە تێکبچێت و بڕێکی کەمتر لە هۆرمۆنی گەشە لە جەستەیدا بەرهەمبهێندرێت.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، لەم بارەیەوە بە کەناڵ8ـی راگەیاند: ”سێ شت بۆ گەشەی منداڵان زۆر گرنگە: خەوی باش، خواردنێکی تەندروست کە دەوڵەمەندبێت بە ڤیتامین و پڕۆتینە جۆراوجۆرەکان، لەگەڵ وەرزش. لە راستیدا خەوی منداڵان بەستراوەتەوە بە کۆئەندامی هەناسەوە، هەر بۆیە بەشی زۆری گرفتەکانی خەو بەهۆی دروستبوونی گرفتی هەناسەدانەوە دروستدەبن. جگەلە لە تێکچوونی گەشە، گرفتی کۆئەندامی هەناسە سەردەکێشێت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی چالاکیی منداڵەکە، تووڕەبوونی لەڕادەبەدەر، دابەزینی توانای هزری و چەندین گرفتی جۆربەجۆری دیکە. کۆئەندامی هەناسە بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یەکێکە لەو بەشە سەرەکییانەی کە کاریگەری لەسەر خەو و گەشەی منداڵ هەیە.“

”باشترین کات بۆ دەردانی هۆرمۆنی گەشە، شەوە، بە دیاریکراوی لەنێوان کاتژمێر دە بۆ دووی شەو، بۆیە ئەوانەی شێوازی خەوتنیان بەهۆی کێشەی کۆئەندامی هەناسەوە تێکدەچێت، ئاستی هۆرمۆنی گەشەش لە جەستەیاندا کەمدەبێتەوە“

هەناسەدان بە دەم گرفت بۆ رووخسار و شێوەی منداڵ دروستدەکات؟

د. پشدەر سەبارەت بەم پرسە گوتی: ”ئەوانەی بەدەم هەناسە دەدەن شێوازی دەموچاو و ددانیان جیاوازە لە منداڵی ئاسایی. ئێمە وەکو پسپۆڕان، بە بینینی دەموچاوی منداڵ دەتوانین دەستنیشانی هەندێک لە گرفتەکانی کۆئەندامی هەناسە بکەین.“

هەڵەبەکارهێنانی دەرمانە دژەبەکتریاییەکان لە منداڵاندا

لە رۆژگاری هاوچەرخی ئەمڕۆدا، یەكێک لە تەنگژە سەرەکییەکانی بواری تەندروستی و چارەسەر بریتییە لە زۆر بەکارهێنانی دەرمانە دژەبەکتریاییەکان بۆ حاڵەتی ناپێویست.

کاتێک منداڵان تووشی هەڵئاوسانی لەوزەتێنەکان، کۆکە، یاخود ئاوی لوت دەبن، راستەوخۆ دایکوباوکان روو لە دەرمانخایەک دەکەن بە مەبەستی وەدەستخستنی دەرمانێکی دژەبەکتریا؛ بەبێ ئەوەی لە دیوە شاراوە و مەترسیدارەکەی ئەم کارە سەربەخۆیە تێبگەن. لە راستیدا بەشی زۆری حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتا لەنێو منداڵاندا بە بەکارهێنانی دەرمانی دژەبەکتریا چارەسەرنابن، بەڵکو گرفتەکە پەیوەستە بە زیندەوەرێکی دیکەوە.

بەگوێرەی قسەکانی د. پشدەر ”بەشی زۆری ئەو پەتایانەی منداڵان تووشیدەبن، حاڵەتی ڤایرۆسین، هەر بۆیە پێویستیان بە دەرمانی دژەبەکتریا نییە. چونکە حاڵەتی ڤایرۆسی بە دەرمانی دژەبەکتریا چارەسەرنابێت، تەنانەت منداڵەکە نەک سوود لە دەرمانەکە نابینێت، بەڵکو رەنگە زیانیشی پێبگەیەنێت.“

”ئەگەر حاڵەتەکە ڤایرۆسیی بێت، دەرمانی دژەبەکتریا چ سوودێکی هەیە! لەلایەکی دیکەوە دەرمانەکە بەشی زۆری بەکتریا سوودبەخشەکان لە لەشی منداڵەکەدا دەکوژێت و جگەر و گورچیلەی نەخۆشەکەش ماندوودەکات. زۆربەکارهێنانی دەرمانە دژەبەکتریاییەکان وا دەکات بەکتریاکان بەرگری لە دژی دەرمانەکان دروستبکەن و بەسەریاندا زاڵببن. واتا چیدی دەرمانەکان چالاکنابن لە لەناوبردنی بەکتریاکاندا. بۆیە دەشێت لە حاڵەتە تووندەکانی تووشبوون بە پەتای بەکتریاییدا، منداڵەکە پێویستی بە خەواندنی بەپەلەی نەخۆشخانە هەبێت، تەنانەت رەنگە مردنیشی لێبکەوێتەوە.“