تاقیگەیەکی هونەریی لە ژێر پاریسدا شاراوەتەوە

لەپشت دەرگای زرێپۆشەوە، بەدیاریکراویش لە ژێر زەویدا، پەناگەیەک هەیە، کە تێیدا بە نهێنی پشکنین بۆ گرنگترین شاکارە هونەرییە مێژووییەکانی جیهان دەکرێت، مێژوو، پێکهاتە و کاتی دروستکردنیان دیاری دەکرێت، باشترین رێگەکانیش بۆ نۆژەنکردنەوەی دەخرێتە روو، ئەم تاقیگەیە هێندە شاراوەیە، لە پەناگەیەکی سەردەمی جەنگ یاخود ناو فیلمێکی ئاکشن و پۆلیسی دەچێت.

(C2RMF) تاقیگەیەکی نهێنی و شاراوەیە، دەکەوێتە ژێر باخچەکانی تویلێری لە نزیک مۆزەخانەی لۆڤەردا، لێرەدا پشکنین بۆ گرنگترین کارە هونەرییەکان و پارچە شوێنەواریی و مێژووییەکان دەکرێت، وردترین زانیاریش لەبارەی پێکهاتە و مێژوویانەوە ئاشکرادەکرێت.

تاقیگەکە لە سێ نهۆم و 6000 مەتر پێکدێت، بنکەی توێژینەوە و نۆژەنکردنکردنەوەی پارچەی مێژوویی و شوێنەواریی مۆزەخانەکانی فەڕەنسای تێدایە، لێرەدا دەیان پسپۆڕی تیشک، کیمیایی، جیۆلۆجی زانایانی بواری کانزاکان، زانایانی شوێنەوارناسی و ئەندازیار کاردەکەن.

تیمی تاقیگەکە کە لە ساڵی 1999ـەوە دامەزراوە، لە 150 کەس پێکهاتووە، ساڵانە تێیدا پشکنین بۆ نزیکی 1000 کاری هونەریی دەکرێت، بە وردی ماددە و شێوازی دروستکردنەکەی ئاشکرا دەکرێت، هەروەها تەمەنی ئەو پارچە هونەرییە و بنچینەکەی دیاری دەکرێت، تەنانەت ئەوە دەردەخرێت کە بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی تەمەنی چۆن گۆڕاوە.

پشکنینەکانی ئەو پسپۆرانەش، سوودیان بۆ گروپەکانی نۆژەنکردنەوە هەیە لەناو بنکەکەدا، هەروەها لە مۆزەخانەی لۆڤەر و فرسای و دەرەوەی ئەوانەش، تا بتوانن بە باشترین شێواز پەیکەرەکان نۆژەن بکەنەوە.

لە کاتی دامەزراندنییەوە، هەزاران کاری هونەریی سەرسوڕهێنەر براونەتە ئەو تاقیگەیە، لەوانەش تابلۆکەی مۆنالیزا، پەنجەرە رەنگاورەنگەکانی کاتردائیەی نۆتردام و شمشێرەکەی ناپلیۆن.

بەم دواییانەش پەیکەری برۆنزی خوداوەندی هیندۆسی فیشۆ گەیشتووەتە تاقیگەکە، کە بۆ سەدەی یازدەیەمین لە کمبۆدیا دەگەڕێتەوە، پەیکەرەکە وێنەیەکی دەگمەنی ئەو خوداوەندە بەرجەستە دەکات و درێژییەکەی نزیکەی شەش مەتر دەبێت، لێرەدا دەیان پشکنینی بۆ دەکرێت، دواتر بەپێی پێویست نۆژەن دەکرێتەوە.