سوپای ئیسرائیل: لە هێرشێکدا هەشت سەربازمان کوژران
کیژان مەحمود 15/06/2024

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایانکرد، بەهۆی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی سوپای ئیسرائیل، هەشت سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون، حیزبوڵڵاش بنکەی سەربازی میرۆنی لە ئیسرائیل بۆردوومان کرد.
میدیاکانى ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە نزیکی کاتژمێر پێنجی بەیانی بەکاتی غەززە، دژە مووشەکێک ئاڕاستەی زرێپۆشێکی سوپای ئیسرائیل کراوە کە هەشت سەرباز و ئەفسەری تێدابووە و دەستبەجێ مووشەکەکە تەقیوەتەوە و سەرجەم سەربازەکان گیانیانلەدەستداوە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەوان خێزانی سەربازەکانیان لە مردنی رۆڵەکانیان ئاگادارکردووەتەوە و بەمەش ژمارەى کوژراوانی سوپای ئیسرائیل 600 سەربازى تێپەڕاند.
لەلایەکی دیکەوە، حیزبوڵڵاى لوبنان رایگەیاند، بە مووشەکی رێنماییکراو، بنکەی سەربازیی میرۆنی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.
loading....