چەکدارانی داعش لە سووریا 140 هێرشیان کردووە و بەگوێرەی ئامارێک، لەو هێرشانەیاندا ئەو گرووپە 427 کەسی کوشتووە، کە 43 یان هاوڵاتیی سڤیل بوون.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، چەکدارانی داعش لە سەرەتای ئەم مانگەوە 10 هێرشیان لە ناوچە بیابانییەکانی دێرەزۆر، حومس، حەما و رەققە ئەنجامداوە، بەو هۆیەوە 44 کەس کوژراون.
روونیشکراوەتەوە، چەکدارانی داعش لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ناوچە بیابانیی و دەشتاییەکانی دێرەزوور، حومس، حەما، رەققە و حەلەب، 140 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، لەو هێرشانەدا 29 چەکداری داعش کوژراون، سێ کەسیان بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیاوە بووە.
لە ئامارەکەدا هاتووە، 355 ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا کوژراون، 33 کەسیان سەر بە گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بوون.
لەو هێرشانەی داعشدا، 43 هاوڵاتیی سڤیل کوژراون، کە 21 کەسیان لەکاتی کۆکردنەوەی دومەڵاندا بوون و ژنێک و منداڵێکیشیان لە ناودایە.
چەکدارانی داعش لە دوای ساڵی 2019 و رووخانی دوایین پێگەیان لە ناوچەی باغۆزی دێرەزوور، ئەمساڵ زۆرترین هێرشی چەکدارییان کردووەتەسەر هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی دیکەی سووریا.