دەستەی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی بەریتانی: کۆنسێرتەکانی تایلەر سویفت بوونەتە هۆی لەرزینی زەوی

هەوادارەکانی تایلەر سویفت، لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بوونە هۆی لەرزینی زەوی، لەکاتی ئامادەییان لە ئاهەنگەکانی ئەو خانمە هونەرمەندە ئەمریکییەدا لە یاریگای "مۆریفێڵد" لە ئێدینبرەی سکۆتلاند.
ماڵپەڕی "الجزیرة" لە هەواڵێکدا ئاشكرایکردوە، بەگوێرەی دەستەی چاودێری بومەلەرزە لە بەریتانیا، لەکاتی کۆنسێرتەکەی تایلەر سویفتدا لە ئێدینبرە، دوو وێستگە چالاکییەکی زەمین لەرزەیان تۆمارکردووە، کە گەیشتووەتە شەش کیلۆمەتر لە نزیک یاریگاکە، ئەمەش بەهۆی سەمای ژمارەیەکی زۆر لە ئامادەبوو لە هەمان کاتدا، لەگەڵ هێزی سیستمی دەنگیی ناو یاریگاکە.
زیاتر لە 200 هەزار کەس ئامادەی ئاهەنگە گەورەکانی تایلەر سویفت بوون کە هەر دانەیەکیان نزیکی سێ کاتژمێری خایاندووە.

بەگوێرەی هێڵکارییە تۆمارکراوەکانی دەستەی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی بەریتانی، ئامادەبووان لەگەڵ گۆرانییەکانی (Ready for It?، Cruel Summer، Champagne Problems) زۆرترین جۆش و خرۆشییان هەبووە و سەمایان کردووە.
لە لوتکەی ئاهەنگەکەشدا، ئامادەبووان بوونە هۆی دروستبوونی وزەیەک کە دەگەیشت بە 80 کیلۆوات، کە دەکاتە هێزی شەش هەزار پاتری ئۆتۆمبێل.
گەشتی "ئێراس"ـی تایلەر سویفت کە لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دەستی پێکردووە، بوو بە یەکەم گەشتی هونەری لە مێژوودا کە داهاتی بلیتەکانی ملیارێک دۆلار تێبپەڕێنێت، واچاوەڕوانیش دەکرێت کە لە کۆتایی گەشتەکەدا بۆ دوو ئەوەندە بەرز ببێتەوە.