بەرقاش؛ بازاڕێکی کۆنی کڕین و فرۆشتنی وشترەکان

ساڵانە لە رۆژانی پێش جەژنی قورباندا، بازاڕی "بەرقاش" لە میسر قەرەباڵغ دەبێت و هاوڵاتییەکی زۆر رووی تێدەکەن، بۆ کڕینی وشتر تا بیکەن بە قوربانیی، جیاواز لە کاتەکانی دیکە کە بە مەبەستی کات بەسەربردن و پێشبڕکێ بەکاردەهێنن.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، بەرقاش بازاڕێکە لە پارێزگای جیزە لە میسر، بەوە بەناوبانگە کە کۆنترین و گەورەترین بازاڕی کڕین و فرۆشتنی وشترە، کە تێیدا باشترین وشترەکان نمایشدەکرێن، کڕیارانیش لەم بازاڕەدا بۆ جوانترین وشترەکان دەگەڕێن بۆئەوەی بیانکەن بە قوربانی لە جەژندا.
ئەمەش نەرتێکی کۆنی خەڵکی میسر و بەتایبەت خەڵکی ئەم شارەیە، کە لە وەرزی قوربانیدا زیاتر ئارەزوو دەکەن وشتر بکەن بە قوربانی، لەجیاتی مەڕ و مانگا و ئاژەڵانی دیکە.
یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە، وشتر ئاژەڵێکی گەورەیە و کێشی زۆرە و گۆشتێکی زۆری هەیە، وشترێک نزیکی 300 بۆ 700 کیلۆ گۆشتی هەیە جگە لە سەر و قاچ و ناوسکی، ئەمەش وادەکات بتوانن بیبەخشن بە زۆرترین هاوڵاتیی.
وێڕای ئەوەی ئەم بازاڕە بەدرێژایی ساڵ هەیە، بەڵام لە رۆژانی پێش جەژنی قورباندا جموجۆڵی زیاترە و خەڵکێکی زۆرتر رووی تێدەکەن، بۆ کڕین باشترین و جوانترین وشترەکان.