دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، لە پارێزگای کەرکوک دوو موڵک بە نایاسایی بۆ برازایەکی راکان جبوری، پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت تەرخانکراوە.
دەستەی دەستپاکی عێراق تەرخانکردنی ئەو موڵکانە بە بەهەدەردانی سامانی گشتی ناودەبات و ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بە زیادەڕەوی دوو پڕۆژە بە تێچووی 400 ملیۆن دینار لە کەرکوک جیبەجێکراوە، هەروەها دەست بەسەر چەندین پسوڵەی ساختە و وەهمیدا گیراوە.
جگە لەوەش نووسینگەی کەرکوکی دەستەی دەستپاکی بەدواداچوونی بۆ چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی کردووە لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە قەزای دبس، لە ئەنجامدانی قوتابخانەیەک و یاریگایەکدا، کە بە تێچووی نزیکەی 400 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، بە گوێرەی دەستەکە نرخێکی زۆر زیاتر لە تێچووی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دانراوە.