پسپۆڕێک، وەرزش بەباشی نەکرێت زیانی لە سوود زیاترە

د. ئەریوان محەمەد ساڵح - پسپۆڕی گۆڕینی جومگە

پسپۆڕێک باس لە سەرەکیترین گرفتەکانی ئەژنۆ دەکات و دەڵێت وەرزشکردن ئەگەر بە شارەزایی نەبێت، دەکرێت زیانی زۆرتر بێت لە سوودەکانی

د. ئەریوان محەمەد ساڵح، پسپۆڕی گۆڕینی جومگە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8 باسی لە گرفتە باوەکانی ئەژنۆ کرد و گوتی کە ئەژنۆ یەکێکە لەو جومگانەی جووڵەی زۆری تێدایە؛ هەر جومگەیەکیش جووڵەی زۆر تێدابێت، دەکرێت کێشەی زۆر بێت.

"یەکێک لەو گرفتە باوانەی دەکرێت لە ئەژنۆدا رووبدات، ئازاری کڵاوەی ئەژنۆیە کە بەتایبەتی لە خانمانی 30-40 ساڵدا روودەدات"

ئەم گرفتە زیاتر لەو خانمانەدا روودەدات کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەپێوە دەوەستن، یان زۆر پلیکانە بەکاردەهێنن، هۆکاری ئەمەش لێکخشانی کڵاوەی ئەژنۆیە لەگەڵ ئێسکی ران.

تەقەتەقی جومگەی ئەژنۆ، گرفتێکە کە خەڵکێکی زۆر هەیانە. بە گوتەی پزیشکە کوردەکە، ئەم نیشانەیە زۆرجار دەکرێت ئاسایی بێت، بەتایبەت ئەگەر کەسەکە گەنج بێت. ئەگەر تەقەتەقی جومگەی ئەژنۆ نیشانەکانی وەکو ئازار، ئاوسان و کەمبوونەوەی جووڵەی جومگەکەی لەگەڵدا بوو، یان تەمەنی کەسەکە سەروو 45 ساڵ بوو، دەکرێت نیشانەی نەخۆشی بێت.

یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی ئەژنۆ، پچڕانی بەستەر یان کڕکڕاگەکانە. کە ئەمەش زۆرجار بەهۆی وەرزشکردنەوە روودەدات. د. ئەریوان گوتی "زۆر گرنگە وەرزش بە لێزانی بکرێت؛ ئەگەر بە هەڵە وەرزشبکرێت دەکرێت زیانی زۆر زیاتربێت لە سوودەکانی"

سەبارەت بە نیشانەکانی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ، د. ئەریوان باسی لەوە کرد کە زیادبوونی جووڵەی ئەژنۆ، یەکێکە لە نیشانەکانی پچڕانی بەستەر. جگەلەمەش، ئەگەر لە کاتی پێکانی وەرزشیدا جومگەکە راستەوخۆ ئاوسا و ئازاری بۆ پەیدا بوو، زیاتر نیشانەی پچڕانی بەستەرە؛ بەڵام ئەگەر ئازار و پچڕانەکە دواکەوت بۆ دوو بۆ سێ رۆژ دوای پێکانەکە، دەکرێت نیشانەی پچرانی کڕکڕاگە بێت.

بە گوتەی پسپۆڕەکەی گۆڕینی جومگە، پچڕانی بەستەرە خاچییەکان، کە دوو بەستەرن لە ئەژنۆدا و رێگری لە جووڵەی زۆر بۆ پێش و دواوەی ئەژنۆ دەکەن، زیاتر لە کچاندا باوە "بۆیە دەبێت کچان لە کاتی وەرزشکردندا باشتر خۆیان ئامادەبکەن و بەوریاییەوە وەرزشبکەن"