سوپاى ئیسرائیل ئاگربەستێکى تەکتیکى لە باشوورى غەززە راگەیاند

کەناڵ8 16/06/2024
test
دیمەنى خانوو و تەلارە وێرانبووەکانى کەرتى غەززە، بەهۆى بۆردوومانەکانى ئیسرائیلەوە. فۆتۆ: AP

سوپاى ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند: پابەندى ئاگربەستێکى تەکتیکى دەبێت و لە کاتژمێر هەشتى بەیانى تاوەکو حەوتى ئێوارەى هەموو رۆژێک لە باشوورى غەززە چالاکییە سەربازییەکانى رادەگرێت، ئەوەش بە ئامانجى گەیاندنى هاوکاریى مرۆیى.

سوپاى ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ئاگربەستە تەکتیکییە ناوخۆییەکە، کە بە ئامانجى مرۆییە، لە کاتژمێر هەشتى بەیانى تاوەکو حەوتى ئێوارەى هەموو رۆژێک بۆ ماوەیەکى نادیار جێبەجێدەکرێت، لە دەروازەى کەرەم ئەبوسالمەوە تاوەکو رێگاى سەلاحەدین و بەرەو باکوور دەگرێتەوە.

سوپاى ئیسرائیل، باسیلەوەکردووە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکان "بۆ زیادکردنی قەبارەى هاوکارییە مرۆییەکانە بۆ ناو کەرتی غەززە"، ئەوەش دوای گفتوگۆ لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی دیکە بووە.

ئیسرائیل، هەمیشە جەختیکردووەتەوە، ئاسانکاری بۆ دابەشکردنی یارمەتییەکان دەکات، بەتایبەتی لە رێگەی دەروازەی کەرەم ئەبوسالمەوە، بەڵام رێکخراوە مرۆییەکان چەند مانگێکە هۆشداری دەدەن لە کەمیی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە غەززە دەدەن.

رێکخراوی تەندروستی جیهانیی رایگەیاند: "زیاتر لە هەشت هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە غەززە چارەسەری "بەدخۆراکی"یان وەرگرتووە، "لەوانەش 1600 منداڵ بەدەست بەدخۆراکی توندی توندەوە دەناڵێنن."

ئەم راگەیاندنەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە هیواکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست بەهۆی داواکارییەکانى ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسەوە لاواز بووە، هەرچەندە پێشنیازى ئاگربەستى هەمیشەیى لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراکراو ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى دەنگى لەسەردا.

16/06/2024
loading....