د. هەڤاڵ ئەبوبەکر: دەبوو ئەو 38 مووچەیەی پاشەکەوت و لێبڕینی لێکراوە بدرێتەوە بە مووچەخۆران

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، دەبوو سێ مووچەی ساڵی رابردوو و ئەو 38 مووچەیەی لێبڕین و پاشەكەوتی لێكراوە بدرایەتەوە بە مووچەخۆران.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە دوای رێوڕەسمەكانی نوێژی جەژن لە کۆنفرامسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم جەژنەدا مووچەی مانگی پێنج دابەشکرا کە دەبوو مووچەی مانگی شەش، سێ مووچەکەی ساڵی رابردوو و ئەو 38 مووچەیەی لێبڕین و پاشەكەوتی لێكراوە بدرایەتەوە بە مووچەخۆران، چونکە هەر پارەیەک دەدرێت بە مووچەخۆر بازاڕ دەبوژێنێتەوە و متمانەی نێوام خەڵک و حکومەت بەهێز دەکات.
گوتیشی، ئومێد دەکەم جارێکی دیکە دەست بۆ رۆژژمێریی 30 رۆژەی دابەشکردنی مووچە نەبرێت و حکومەت کاری مکوڕانە بکاتە بۆ ئەوەی لەهیچ بارودۆخێکدا مووچەی مووچەخۆران دوا نەکەوێت.
ئەوە لە کاتێکدا، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێش جەژن مووچەی مانگی پێنجیان وەرگرت، هێزە ئەمنییەکانیش مووچەی مانگی چواریان وەرگرت، هیچ وادەیەکیش بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکان دیاری نەکراوە.