ئێران ناوەندێکى زانست و تەکنەلۆجیا لە هەرێمى کوردستان دەکاتەوە

test

وەزارەتى زانست و تەکنەلۆجیاى ئێران، خواستى هەیە پەرە بە هەماهەنگى زانستى و تەکنەلۆجى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بدات و دەیەوێت بەمنزیکانە ناوەندێکى زانست و تەکنەلۆجیا لە هەرێمى کوردستان بکاتەوە.

ئیحسان شەیخون، نوێنەرى ناوەندى هەماهەنگى نێودەوڵەتی سەر بە وەزارەتى زانست و توێژینەوە و تەکنەلۆجیاى ئێران، بە میدیاى وڵاتەکەى گوتووە، بە سەرنجدان لە لێکچوونى ژینگە و رۆشنبیریی هەرێمى کوردستان لەگەڵ ناوچە سنوورییەکانى ئێران، وەزارەتەکەیان گرنگییەکى گەورە دەدات بە پێشخستنى هەماهەنگى زانستى و تەکنەلۆجیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان.

جەختیشیکردەوە، لە گرنگى دیپلۆماسییەتى زانستى، بەو پێیەى دەرفەتێکە بۆ سوودوەرگرتن لە تواناکانى زانست و تەکنەلۆجیا بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانى سیاسەتى دەرەوە و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، هیواشى خواست بەمنزیکانە ناوەندێکى زانست و تەکنەلۆجیا لە هەرێمى کوردستان بکەنەوە.

بەرپرسەکەى وەزارەتى زانست و تەکنەلۆجیاى ئێران روونیشیکردەوە، پرۆگرامى پارێزگاى کوردستان "سنە" زۆر گرنگە بۆ فراوانکردنى کارلێکەکان و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ باشکردنى ئاستى هەماهەنگى و بەهێزکردنى رایەڵە سیاسى و ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان، بەو پێیەى یەکێکە لە گرنگترین ستراتیجەکانى گەشەپێدانى هەناردە بۆ هەرێمى کوردستان و دەروازەی ناردنى بەرهەمەکانى تەکنەلۆجیاى ئێران بۆ بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و وڵاتانى رۆژئاواى کەنداو.

loading....