ئێریکسن دوای رووداوە دڵتەزێنەکەی دەگەرێتەوە یارییەکانی یۆرۆ

کاتژمێر 19:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان فیکەی دەستپێکی یەکەم یاریی کۆمەڵەی سێیەم لەنێوان هەڵبژاردەی دانیمارک و سلۆڤینیا لێدەدرێت، کە یارییەکە لەیاریگەی مێرسیدس بێنز ئارینا بەڕێوەدەچێت.

هەردوو هەڵبژاردە ناسیاویەکی باشیان لەنێواندایە و شارەزای یاریکردنی یەکدین، کە لە قۆناغی کۆمەڵەکانی پاڵاوتن بۆ گەیشتن بە یۆرۆ لەهەمان کۆمەڵەدابوون، کاتێک دانیمارک لە نۆڤێمبەری رابردوو بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردنەوەی بەدەستهێناوە و سەرەڕای یەکسانبوونیان لەژمارەی خاڵەکان، بەڵام دانیمارک بەپێشەنگی کۆمەڵەکە گەیشتە یۆرۆ.

ئەو شکستەش ریکۆردەکەی سلۆڤینیای درێژکردەوە و شەش یارییە بەرامبەر رکابەرەکەی بردنەوەی بەدەست نەهێناوە، بەڵام ئەوە رێگر نابێت لەبەردەم کۆتاییهێنان بەو ریکۆردە، چونکە تیپەکەی ماتجاز کیک لە 21 یاریی رابردوویاندا تەنیا دووجار تامی شکستیان کردووە و 13 بردنەوەیان بەدەستهێناوە.

بردنەوەی یەکەم سێ خاڵ لە پاڵەوانییەتیەکەدا یارمەتیدەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ باشترکردنی هەلی گەیشتن بە قۆناغی 16ی یۆرۆ، بەڵام مێژوو لەبەرژەوەندی سلۆڤینیا نییە و لەدوایین نۆ یاریی رابردووی قۆناغی کۆمەڵەمانی پاڵەوانییەتیە نێودەوڵەتییەکان تەنیا یەک بردنەوەیان هەیە و لەهیچ بۆنەیەکیاندا قۆناغی کۆمەڵەکانیان تێنەپەڕاندووە.

کریستیان ئیریکسن یەکێکە لە دیارترین یاریزانەکانی دانیمارک، کە لە یۆرۆی رابردوو بەهۆی سەکتەیەکی دڵەوە لەسەر چیمەنی یاریگەکە کەوت و هەمووانی خەمبارکرد، سەرەڕای ئەوەش هەڵبژاردەی وڵاتەکەی گەیشتنە پێش کۆتایی پاڵەوانییەتیەکە، لەو قۆناغەدا لەسەردەستی ئینگلتەرا دووچاری شکستبوون.

دانیمارکییەکان لە 12 یاریی رابردوودا تەنیا دووچاری یەک شکستبوونە و لەلای زۆرێک لە هاندەرانی تۆپی پێ وەک ئەسپی رەشی پاڵەوانییەتی ئەمساڵی یۆرۆ لێیدەڕوانرێت.