کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات، لە سێ رۆژی ئایندەدا لە چوار پارێزگای عێراق پلەکانی گەرما بچێتە سەروو 50 پلەی سیلیزی و لە دوو پارێزگاش 50 پلە دەبێت، هۆشدارییش لە خۆپاراستن دەدات.
بەشی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ سێ رۆژی ئایندە بڵاوکردەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکان، کاریگەرییەکانی نزمە پاڵەپەستۆی وەرزیی بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا پلەکانی گەرما لە زۆرێک لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەگەنە سەروو 50 پلەی سیلیزی، لە هەرێمی کوردستانیش پلەکانی گەرما لە نێوان 45 بۆ 48 پلە دەبێت.
کەشناسی عێراق هۆشداریی دەدات لە بەرکەوتنی راستەوخۆ بە تیشکی خۆر و کارکردن لە دەرەوە و لەژێر کاریگەریی پلە گەرما بەرزەکاندا، هەروەها رێنمایی هاوڵاتییان دەکات بە ئاو خواردنەوەی زۆر و مانەوە لە ماڵەوە لە کاتەکانى نیوەڕۆدا.
لەگوێرەی نەخۆشەی دەستەكە، لە پارێزگاكانی بەغداد و ئەنبار، پلەی گەرما دەگاتە 50 پلە و لە پارێزگاكانی نەجەف، میسان، زیقار و بەسرە پلەكانی گەرما دەگەنە 51 پلەی سیلیزی.