تەندروستیی كۆیە بۆ كەناڵ8: لە شەڕەكەی سماقوڵی كەسێك كوژراوە و حەوتی دیكە بریندارن

test
ئەو هاونیشتمانییەی لە شەڕەكەی سماقوڵی كوژرا

لەنێو كەپرەكانی سماقوڵی شەڕ لەنێوان دوو دووكانداردا روویداوە و تەندروستیی كۆیە بە كەناڵ8ـی راگەیاند، كەسێك كوژراوە و حەوت كەسی دیكەش بریندارن، پۆلیسی كۆیەش ئاشكرایكرد، بەهۆی شەڕەكەوە سێ كەس دەستگیركراون.

هاوكار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی كۆیە بە كەناڵ8ـی راگەیاند، لەنێو كەپرەكانی سماقوڵی شەڕ لەنێوان دوو لایەن روویداوە كە خاوەن دووكانن، بەهۆیەوە كەسێك كوژراوە و حەوت كەسی دیكە بریندارن.

روونیشیكردووەتەوە، كوژراوەكە و چوار لە بریندارەكان لە لایەنێكی شەڕەكەن و سێ بریندارەكەی دیكەش لە لایەنەكەی دیكەن، هەردوولاشیان ئامۆزا و خزمی یەكترن.

لەبارەی هۆكاری شەڕەكەوە، گوتەبێژی تەندروستیی كۆیە ئەوەی بە كەناڵ8 گوت، ئەوەندەی ئەوان بیستوویانە شەڕەكە بەهۆی كڕیارەوە بووە، كە لایەكیان كڕیاری زۆربووە و ئەوی دیكە كەم، بەهۆی ئەوەشەوە بووە بە دەمەقاڵێ و شەڕ روویداوە.

هاوكات، عەلی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە بە كەناڵ8ـی گوت، رووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە لە نێوان مام و برازا، بەھۆی رووداوەکە چوار هاونیشتمانی برینداربوون و كەسێكیش كوژراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سێ کەس بەھۆی رووداوەکە دەستگیرکراون و ئێستا لێکۆڵینەوەکە بەردەوامە.

loading....