سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار: هەموو ساڵێك رێژەی گەشتیار لە سەرووی پێشبینییەكانمانەوە بووە

سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ماوەی سێ رۆژە تەواوی هۆتێلەكانی هەرێمی كوردستان پربوون لە گەشتیار و گوتیشی، "هەموو ساڵێك رێژەی گەشتیار لە سەرووی پێشبینییەكانمانەوە بووە".
ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە بەرنامەی "تارگێت"ـی كەناڵ8 ئاماژەی بەوەكرد، هەمیشە هەوڵدەدەین باشترین و جوانترین و پاكوخاوێنترین شوێن بۆ گەشتیاران دابینبكەین، تاوەكو كاتەكانیان بە ئاسودەیی بەسەربەرن.
گوتیشی، ئەوەی جێی خۆشحاڵییە ئەوەیە كە ماوەی سێ رۆژە سەرجەم هۆتێلەكانی هەرێمی كوردستان پڕبوون لە گەشتیار لە زاخۆوە تاوەكو خانەقین، دەبینین گەشتیاران پەرۆشییەكی زۆر گەورەیان هەیە كە دێنە كوردستان، ئەوەش بە هەوڵی هەموو لایەكە.
گوتیشی، چەندین رێگامان هەیە بۆ ئەوەی گەشتیار رووبەڕووی حاڵەتی نەخوازراو بووەوە تیمەكان بەزوویی بگەنە لایان، هێڵی گەرم لەهەموو بەڕێوەبەرایەتییە گەشتییەكان دەستنیشانكراوە و تیمی چاودێریی بە بەردەوام لە شوێنەكاندا هەیە و سەنتەری زانیاریی هەیە و گەشتیار پێویستی بە زانیاریی بوو دەیاندەنێ، ئەوەش جگە لەوەی بە سوپاسەوە دەزگاكانی راگەیاندن رۆڵی زۆر بەرچاو دەگێڕن لە ئاسانكاریی بۆ گەشتیاران.
لەبارەی كردنەوەی یەكێك لە گرفتەكانی گەشتیاران بابەتی داخستنی رێستۆرانت و میوانخانەكان لە رۆژانی جەژن و پشووەكان، ئەمەل جەلال باسی لەوەكرد، ئەوە نەریتێكە و هەیە و هێشتا وەكو پێویست تێنەپەڕێندراوە، بەڵام 80% زیاتری چێشتخانە و میوانخانەكان كراونەتەوە، توانیویانە رێژەیەكی باش دەستەبەر بكەن، بەڵام هێشتا 100% جێبەجێ نەبووە.
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لەبارەی رێژەی گەشتیار رایگەیاند، هەموو ساڵێك رێژەی گەشتیار لە سەرووی پێشبینییەكانیانەوە بووە، ساڵ بە ساڵ رێژەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە.