برسێتی تەواوی باکووری غەززەی گرتووەتەوە

test
بەرزبوونەوەى دوکەڵێکى زۆر، بەهۆى بۆردوومانەکانى ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتى غەززە. فۆتۆ: AP

لە بۆردوومانی هێزەکانی ئیسرائیل دا 11 کەس لە باکوور و باشووری غەززە کوژران. هەروەها بەهۆی کەمیی دەرمانەوە بەشێک لە نەخۆشەکان گیانلەدەستدەدەن و ژیانی سێ هەزار و 500 منداڵیش بەهۆی بەدخۆراکییەوە لە مەترسیدایە.

هێزەکانی ئیسرائیل چادری ئاوارەکانیان لە ناوچەی مەواسی لە باکووری رۆژئاوای رەفەح بۆردومانکرد و بەو هۆیەوە پێنج کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

هەروەها سوپای ئیسرائیل خانوویەکی لە گەڕەکی شێخ رزوان لە باکووری غەززە بۆردوومانکردووە و لەو بۆردوومانەدا شەش کەس کوژران.

بۆ جارێکی دیکەش پێکدادان و بۆردوومان لە گەڕەکی سعودی و شەقامی تەیارە لە رۆژئاوای رەفەح روویداوە و هێزەکانی ئیسرائیل لەو شەڕ و هێرشەدا هێزی ئاسمانی، تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەکارهێناوە.

مەروان هەمس رێکخەری نەخۆشخانە گەڕۆکەکان لە غەززە رایگەیاندووە، دۆخی تەندروستی لە غەززە زۆر خراپە و بەشێک لە نەخۆشەکان بەهۆی کەمیی دەرمانەوە گیانلەدەست دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیل و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی جۆراجۆر، مەترسیی زیاتر لەسەر خەڵکی غەززە دروستبووە و برسێتیش بە تەواوی بەشی باکووری کەرتی غەززەی گرتووەتەوە و لە توانایاندا نییە منداڵە توشبووەکان بە بەدخۆراکی رزگار بکەن.

لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتی غەززە بڵاویکردووەتەوە، برسێتی رووی لە زیادبوون کردووە و سێ هەزار و 500 منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە مەترسیی گیانلەدەستدان لەسەر ژیانیان دروستبووە.

loading....