تۆڕێکی مافی مرۆڤ: مانگی رابردوو 30 هاونیشتمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان راپۆرتی 30 رۆژی رابردووی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە و بەگوێرەى راپۆرتەکە، نۆ کۆڵبەر گیانیانلەدەستداوە، هەروەها 30 هاونیشتمانى دەستگیرکراون.

لە راپۆرتەکەدا باس لە دۆخی هاونیشتمانییانی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران لە 21ـى ئایار بۆ 21ـى حوزەیران کراوە و تێیدا هاتووە، لەو ماوەیەدا نۆ کۆڵبەر بەهۆی تەقە و راوەدوونانی هێزەکانی ئێران گیانیانلەدەستداوە و چوار کۆڵبەر و دوو هانیشتمانیی سڤیلیش برینداربوون.

بەگوێرەى راپۆرتەکە، دوو هاونیشتمانى بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیانلەدەستداوە و چوارى دیکەش برینداربوون، هەروەها ژنێک لە پیرانشار کە دایکی دوو کچی تەمەن 13 ساڵ و نۆ ساڵ بووە، بەهۆی ئاگرتێبەردانی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە گیانیلەدەستداوە.

راپۆرتەکە دەشڵێت، لەو ماوەیەدا 30 هاونیشتمانیی کورد، کە پیشەکانیان هونەرمەند، وەرزشەوان، مامۆستا، چالاکوانی سیاسی و مەدەنی بوون، لە پارێزگاکانی ئیلام، ورمێ، سنە، کرماشان، تاران و خوراسانی رەوزەی بە تۆمەتی کاری سیاسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون، پێنج چالاکوانیش لەلایەن دادگاکانی شۆڕش لە بۆکان و جوانڕۆ و سنە و تارانەوە بە تۆمەتی سیاسی سزای زیندانیکردن و دوورخستنەوەیان بۆ دەرکرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوو برای شوێنکەوتووی ئایینی یارسان کە خەڵکی سەحنە بوون، لە کرماشان دەستگیرکراون و هەر یەکەیان سزای ساڵێک زیندانیان بۆ دەرکراوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، حەوت زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئێران ئەشکەنجەدراون و لە مافەکانی چارەسەرکردن، وەرگرتنی مۆڵەتی کاتی بێبەشکراون، بەو هۆیەوە سێ کەسیان بۆ ماوەیەک مانیان لە خواردن گرتووە.