هاوپەیمانان 155 بارهەڵگر چەک و کەرەستەی سەربازییان رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کردووە

test
هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان. فۆتۆ: AP

هێزەکانی هاوپەیمانان و هەسەدە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانای سەربازیی و وەڵامدانەوەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکان، لەم مانگەدا 16 مانۆڕی سەربازییان ئەنجامداوە و 155 بارهەڵگر چەک و کەرەستەی سەربازیشیان رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کردووە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تاوەکو ئێستا، لە هەرێمی کوردستانەوە 155 بارهەڵگر و 10 فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی، چەک و کەرەستەی سەربازییان رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کردووە.

بەگوێرەى روانگەى سوورى، چەک و کەرەستە سەربازییەکان نێردراون بۆ بنکەی هێزەکانی هاوپەیمان لە پارێزگاکانی حەسەکە و دێرەزۆر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.

هەر لەو ماوەیەدا هاوپەیمانان 18 مانۆڕ و راهێنانی سەربازییان لە سووریا بەڕێوەبردووە، کە 16 مانۆڕیان لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە و دوو مانۆڕی دیکەیان لەگەڵ هێزەکانی سوپای ئازادی سووریادا بووە.

ئەمڕۆش بەهۆی مانۆڕی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان و هەسەدە، دەنگی ژمارەیەک تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە بنکەی تەلایعی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیک حەسەکە بیستراوە. لە راهێنانەکەدا چەک و گولـلە و تەقەمەنیی بەکارهێنراوە و هێرشکراوەتە سەر ئامانجە دیاریکراوەکان.

هەر بەگوێرەى سەرچاوەکە، 21ی حوزەیران مانۆڕێکی گەورەی سەربازیی لە بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کێڵگەی نەوتیی عومەر لە دێرەزۆر بەڕێوەچوو، کە لە کاتی مانۆڕەکەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە بەردەوامی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاوەتەوە.

لە بەردەوامی کار و چالاکییە هاوبەشەکانیاندا، هێزەکانی هەسەدە و هاوپەیمانان پێنج ئۆپراسیۆنی هاوبەشیان بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانی لە دژی پاشماوەی چەکدارانی داعش ئەنجدامداوە و بەلانیکەمەوە لەو هێرشانەدا پێنج چەکداری داعش کوژراون.

loading....