پێشبینی دەکرێت، ژمارەیەک کەسایەتی بەهۆی مردنی گوماناویی ئەکتەری دیاری هۆڵیوود، ماتیۆ پێری تێوەبگلێن و وەکو تۆمەتبار مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەسەر مردنە گوماناوییەکەی ماتیۆ پێریی بەردەوامە، ئەم ئەکتەرە، رێکەوتی 28ی تشرینی یەکەمی 2023، لە تەمەنی 54 ساڵییدا، بە مردوویی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پێشنیازی ئەوەیان دەکرد، پێری بەهۆی کاریگەریی دەرمانی کیتامین کۆچی دوایی کردووە.
نوێترین دەنگۆکان جەخت لەوە دەکەنەوە؛ گەرچی هیچ بەڵگە و دیمەنێکی گوماناویی لە شوێنی مردنی ماتیۆ پێرییدا نەدۆزراونەتەوە، بەڵام دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەرەو دۆسیەیەکی تاوانکاریی دەچێت.
بەگوێرەی بەڵگە دادوەرییەکان، پێریی لە کاتی مردنیدا کیتامینی وەرگرتووە، بەڵام ئەم دەرمانە کاتێکی کەم لە جەستەد دەمێنێتەوە و ئەو ماددانەی لە لاشەکەیدا دۆزراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەدەن کە پاشماوەی دەرمانی وەرگیراو نین.
گەر بەڵگەکان بیسەلمێنن کە پێری کیتامینی لەڕێگەی دەرمانەوە وەرنەگرتووە، ئەوا چەند کەسایەتییەک بەرپرسیار دەبن لە مەرگی ئەم هونەرمەندە و دوچاری داوای پارێزەران و دادگە دەبنەوە و بە تۆمەتی کوشتن دادگایی دەکرێن.
ماتیۆ پێری، لەمیانی ژیانی هونەریی خۆیدا، توانی پێنج جار پاڵێوراو بێت بۆ بردنەوەی خەلاتی ئێمی، لە رۆڵی کەسایەتیی چاندلەر بینگ لە زنجیرەی فرێندز ناوبانگی هەبووە و یەکێک بووە لە دیارترین کەسایەتییەکانی ئەم زنجیرەیە و خاوەنی هەوادارێکی فراوانە لە ئاستی جیهانیید، پێری تاوەکو کۆتاییەکانی ژیانی بەردەوام بووە لە ئەنجامدانی کاری هونەریی و وەکو ئەکتەر لە 57 بەرهەمی جیاوازی سینەمایی و تەلەفزیۆنییدا بەشداریی کردووە.